لە دوو رووداوی ئاگر کەوتنەوەدا لە دهۆک کەسێک گیانی لە دەستدا

+964

هیڤی دێوالی

لە دوو رووداوی سووتانی جیاوازدا لە دهۆک، کەسێک گیان لە دەستدەدات و، خاوەن پێداویستییەکی تایبەتیش تەواوی ماڵەکەی دەسووتێ.

دوێنێ هەینی ٢٥ـی تشرینی دووەم، لە هەفتە بازاڕی دهۆک کە بازاڕێکی هەفتانەیە، کابینەیەکی فرۆشتنی جلوبەرگ گڕ دەگرێت و، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆکیش دەڵێ، بەهۆی رووداوەکە کەسێک بەناوی سالم جیهاد کە تەمەنی ٥٩ ساڵەو عەرەبەو خەڵکی موسڵە، گیانی لە دەستداوە.

زیاتر وتی “ئەو کەسە خاوەنی کابینەکە بووە، کاتێک کابینەکەی سووتاوە دیارە نەیتوانیوە خۆی رزگار بکات، هێشتا دیاریش نیە هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە چیە”.

“کابینەکەی سووتاو خۆیشی گیانی لە دەستدا”

هاوکات کاتژمێر ١١ـی سەر لەبەیانی دوێنێ، لە گەڕەکی شێلێ، کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بەهۆی سەرماوە زۆپای داگیرساندووەو، پاشان بۆ شت کڕین چووەتە دوکانێکی ناو گەڕەکەکە، بەڵام لە گەڕانەوەیدا دەبینێ ئاگر لە ماڵەکەی بەربووەو تەواوی ماڵەکەی سووتاندووە.

فەتحی داود، ئەو کەسەیە کە خاوەنی پێداویستی تایبەتەو دەستی چەپ و قاچی چەپی کار ناکات، لەسەر رووداوی ئاگر کەوتنەوەکە بە +964 راگەیاند، سەرما بوو زۆپام داگیرساند و پاشان چوومە دوکان بۆ شت کڕین، کە هاتمەوە بینیم ئاگر لە ماڵەکەم بەربووە.

فەتحی تەمەن ٢٩ ساڵ وەک خۆی دەڵێ لەو خانووەدا کرێنشینەو پێنج رۆژە ماڵی هێناوەتە ناوی، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوەو دوو منداڵی هەیە، کە لەو کاتەدا هاوژینەکەی و منداڵەکانی لە ماوەڵەوە نەبوونە، وتی “ماڵەکەم هەمووی سووتاوە، سوپاس بۆ خوا خۆمان سەلامەتین”.

زیاتر وتی ” نازانم من چی بکەم، تەواوی ماڵەکەم سووتاوە کەچی خاوەنی خانووەکە داوام لیدەکات کە خانووەکەی بۆ نۆژەن بکەمەوە”.

دوو رووداوی ئاگر کەتنەوە لە دهۆک – ڤیدیۆ – +964