مەسك دەسكاری ڤێری فای دەكات

بڵند عوسمان- هەولێر

.ئێلیۆن مەسک، سێ رەنگ بۆ ڤێری فای زیاد دەکات کە نرخەکانیشان جیاوازە

ئێلیۆن مەسک، لە تویتێکدا کە کاتژمێر ١١ـی دوێنێ هەینی کردوویەتی، دەڵێ؛ ڤێری فای دەستكاری دەكەین، بۆ حکومەتەکان رەنگی رەساسی و، بازرگانەکان رەنگی ئاڵتونی و هاولاتیانیش رەنگی شین دەستنیشان کراوە، نرخی هەر یەکێکیشیان جیاوازە لەوەی دیکە.

ئەو دەستکارییەی مەسک بەسەر ڤێری فای تویتەردا هێناویەتی لە کاتێکدایە پێشتر بۆ هەموو چین و توێژەکان ڤێری فای بە رەنگی شین بوو.

ئێلیۆن مەسك، لە ٢٨ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تۆری كۆمەڵایەتی تویتەری بە ٤٤ ملیار دۆلار كڕیوە، لەیەکەمین بڕیاریشدا بەخشینی ڤێریفای لە خۆراییەوە کردە پارە، لە ئێستاشدا دەیەوێت بیکاتە سێ رەنگ کە نرخەکانیشیان جیاواز دەبێ، بەڵام هێشتا نرخەکان ئاشکرا نەکراوە.

ئەو بڕیارەی مەسک، رەخنەی زۆری لێ گیراوە، تا ئێستاش نزیکەی ١٠٠ کۆمپانیا تویتەری جێهێشتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە ٩٠٪ـی داهاتی تویتەر پشت بە رێکلام دەبەستێت.