ئەمڕۆ خولی نایابی باسكه‌ی کوردستان كۆتایی دێت

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا – هه‌ولێر

به‌ به‌ڕێوه‌چوونی یه‌ك یاریی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، ٢٦ی تشرینی دووه‌م، وه‌رزی ئه‌مساڵی خولی نایابی باسكه‌ی كوردستان كۆتایی دێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ هۆڵی یانه‌ی ئه‌كاد له‌ عه‌نكاوه‌ له‌ هه‌ولێر، له‌ یارییه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی دووه‌می خولی نایابی باسكه‌ی كوردستان، هه‌ردوو یانه‌ی قه‌ڵا و سۆلاڤی نوێ رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌.

رزگار مه‌جید ئه‌ندام و ئه‌مینداری دارایی فیدراسیۆنی باسكه‌ی كوردستان به‌ 964+ی راگه‌یاند، هه‌ردوو یانه‌ی قه‌ڵا و سۆلاڤی نوێ له‌سه‌ر پله‌ی دووه‌می خوله‌كه‌ ركابه‌ریی ده‌كه‌ن و هه‌ریه‌كه‌یان ١١ خاڵیان هه‌یه‌.

یانه‌ی زاخۆ ئێواره‌ی دوێنێ هه‌ینی به‌ فه‌رمی بووه‌ پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌نجامی ٤٨-٧٧ خاڵ له‌ یانه‌ی هێرشی برده‌وه‌.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش دوای كۆتاییهاتنی یاری به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی دووه‌م، رێوڕه‌سمی كۆتایی خوله‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و یانه‌ی زاخۆ وه‌ك پاڵه‌وان جامه‌كه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی باسكه‌ی كوردستان، کە ٢٠ی مانگی رابردوو دەستیپێکرد، حەوت یانە بەشداربوون و خولەکەش به ‌شێوازی خول و به ‌یه‌ك قۆناغ به‌رێوه‌چوو، یانه‌ به‌شداربووه‌كانیش بریتیبوون له‌ “قه‌ڵا، هێرش، ئاسۆ، ئه‌كاد، ده‌ربه‌ندیخان، زاخۆ و سۆلاڤی نوێ”.