لە سێ مانگدا ٤٨١ کەس بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران

١٠٧ـیان بازرگانن

+964

فەرمان سادق

سەدان گەورە بازرگانی ماددە هۆشبەر بە ٣٨١ کیلۆ مادی هۆشبەرەوە دەگیردرێن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیەنراوێکدا گیرانی ٤٨١ کەس لە بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەری راگەیاند.

راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە پەیجی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لەو ٤٨١ کەسە، ١٠٧ کەسیان بازگانن و ئەوانی تریش بەکارهێنەرن، هەروەها ٣٨١ کیلۆ ماددەی هۆشبەرو ١١٠ شیت حەبی هۆشبەرییان پێ بووە.

 ئەوانەی گیراون بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر، هەروەها ئەوانەشی بە تۆمەتی بەکارهێنان کە گیراون، لە ماوەی نێوان ٢٠ـی ئابی رابردوو بوو تا ٢٠ـی ئەم مانگە.

لە راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی ماددو هۆشبەرەکان هاتووە، ئەو بڕە ماددە هۆشبەرەی دەستی بەسەردا گیراوە لەم ماوەیەدا، ١٠ کیلۆو ٥٩٦ گرام کریستاڵ، ٨٧٦ گرام هیرۆین، کیلۆیەک و ٨٨١ گرام حشیش، ١٧٧ گرام جامایکا، ٧١ گرام ماریجوانا، ٣٦٧ کیلۆو ٢٤٠ گرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کبتاگۆن، ١١٠ شیت حەبی ترامادۆن و هەشت دانە مەرکان لە رووەکی چاندراوی ماریجوانا و چەند ئامارێکی تر کە بۆ هەمان مەبەست بەکارهێنراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی ماددو هۆشبەرەکان دەڵێ؛ سەرجەم تۆمەتباران پەڕوای لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوەو رەوانەی دادگا کراون.