هاتوچۆیەکی زۆری هاوڵاتیانی لەسەرە

کارکردن لە رێگای سماقوڵی بەردەوامە

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ماوەی پێنج رۆژە کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی رێگای سماقوڵی بەردەوامە. شەقامەکە لە دەربەندی گۆمەسپان تا هیزۆپ نۆژەن دەکرێتەوە.

دوای 14 رۆژ لە داخستنی، ئێوارەی 8.5.2023 دانیشتوانی گوندی سماقوڵی رێگایان کردەوە، ئەوەش دوای سەردانێکی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم بۆ لایان و پێدانی بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی رێگاکە پێیان.

رۆژی 9.5.2023 دەست بە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە کرا و تا ئێستا بەردەوامە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە راگەیەندراوێکیدا، کە ئەمڕۆ شەممە 13.5.2023 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، تیمەکان راسپێردراون هەرچی زووە بە شێوازێکی گونجاو کارەکان تەواو بکەن.

ئەوکاتە دانیشتوانی سنوورەکە هۆکاری داخستنی رێگاکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە بارهەڵگرێکی زۆر بەو شەقامەدا هاتوچۆ دەکەن، لەکاتێکدا رێگاکە زۆر خراپە و نۆژەنیش ناکرێتەوە.