دوو برا لەناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا سووتان و گیانیان لەدەستدا

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ دوو برا لەناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا سووتان و بەو هۆیەشەوە گیانیان لەدەستدا.

رووداوە هاتوچۆیەکە درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگای کەرکوک-تکریت، بە دیاریکراوی لە نزیک ناحیەی رەشادی باشووری کەرکوک روویداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، رووداوەکەی هاتوچۆ، رووداوێکی سەخت بووە و دەستبەجێ بەهۆی رووداوەکەوە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان گڕ دەگرێت کە دوو برا تێیدا سەرنشین بوون، هەر بەو هۆیەوە هەردوو برایەکە سووتان و گیانیان لەدەستدا.

قەیس عەبدولرەزاق، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کەرکوک بە 964ی وت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە لە سووتانی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک ناحیەی رەشاد کە دوو سەرنشینی تێدا بووە کە برای یەکترن و دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.

دەشڵێت: ئەو دوو برایەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان تەمەنی 22 ساڵ و ئەوەی تریشیان تەمەنی 21 ساڵە و دانشتووی گوندی تۆبزاوەی کەرکوکن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق