لە ژێر دەریایەک رێگایەکی تەمەن 7 هەزار ساڵ دۆزرایەوە

964+

فەرمان سادق

رێگەیەکی تەمەن حەوت هەزار ساڵ لە ژێرەوەی دەریای سپی ناوەڕاست دۆزرایەوە.

زانایانی شوێنەوار، پاشماوەی رێگایەکیان لە کەناراوەکانی باشووری کرواتیا ئاشکرا کرد کە داپۆشرا بوو بە چەندین چین لە قوڕی دەریایی.

گۆڤاری “ساینس ئالیرت”ـی زانستی بڵاوی کردەوە کە ئەو رێگایە دروستکراوە بۆ بەستنەوەی دوورگەی هەڤاری کۆن بە دوورگەی کۆرکولای دابڕاو، رێگایەکەش لە گوندی سۆلین دەستپێ دەکات و هی سەردەمی چاخی بەردینی نوێیە.

ئەو رێگایە لەلایەن ماتی باریکا، زانای شوێنەوار و مامۆستای لە زانکۆی زادار لە کرواتیا دۆزراوەتەوە.

ماتی باریکا، لەبارەی دۆزینەوەکەی دەڵێت: ئەوەی جێی خۆشبەختییە ئەوەیە کە ئەو کەناراوانە کەمترین شەپۆڵی دەریای لێیداوە بەهۆی زۆری دوورگەکەنای دەوروبەری، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ مانەوەی ئەو رێگایە تاوەکو ئەمڕۆ.

دوای توێژینەوە لەسەر رێگایەکە لەلایەن زانکۆی زادار، راگەیەندرا کە تەمەنی ئەو رێگایە دەگەڕێتەوە بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش ئەمڕۆ، هی سەردەمی شارستانیەتی هڤارایە لە چاخی بەردینی نوێ.

زانایانی زانکۆی زادار، لە گەرانیاندا بەدوای رێگایەکەدا، چەندان پارچە شوێنەوا و ئێسکە پەیکەری مرۆڤیان دۆزیوەتەوە.