دراوی 100 دۆلاری ئەمریکی - وێنە: 964
100 بە 147
دۆلار بەرەو ژوور هەڵدەگەڕێتەوە
964+
هێمن بەکر
کەمێک لەمەوبەر، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە سەرو 147 هەزار دیناری عێراقی.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو بڕە دۆلارە نزیکەی 146 هەزار دینار بوو.
ئەو نرخەی ئەمشەو فەرمی نییە چونکە بۆرسەی عێراق داخراوە، تەنیا بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو مامەڵەی پێوەدەکەن.
سەرەتای ئەم مانگە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە جێگیربوونی نرخی دینار کرد لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.
“ئێمە پابەندین بە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی نرخی دۆلار بۆ ئەو بەهایەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر داوە”، سودانی لە دیداری مێری لە بەغدا وای وت.
حکومەتی ناوەندی لە رۆژی 7ی شوباتی 2023 بڕیارێکی دەرکرد، تیایدا هاتبوو کە نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی یەکسان دەکرێتەوە بە 132 هەزار دینار، بەڵام پێناچێت بەمزوانە بێتە دی.
بەهۆی مامەڵەی هاوردەکردنی کاڵای دەرەکی بە دۆلار، گۆڕانی نرخی ئەو دراوە بەرامبەر دینار کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە و دەبێتە هۆی بەرز و نزمی لە نرخی کۆی پێداویستییەکانی دیکەدا.
سەرەتای ئەمساڵ نرخی 100 دۆلار گەیشتە نزیکەی 175 هەزار دینار، دواتر هاتەخوارەوە تاوەکو نزیکەی 140 هەزار دینار، ئێستا وادیارە هەمدیسان بەنیازە بەرەو ژوور ببێتەوە.