بەفرەکە بەڕێوەیە

+964

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی هەرێمی كوردستان، بارانبارین لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و لە هەندێك شوێنیش بارانی بەلێزمە دەبارێت و لە لوتكەی چیاكانیش بەفر دەبارێت.

بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە شەودا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، درەنگانی شەو بارانێكی زۆر دەبارێت، سەرەتا بە نمەباران دەستپێدەکات پاشان بارانبارین کاریگەرى زیاد دەکات.

هەر بەپێی پێشبینییەکان، سبەی رۆژی هەینی بارانبارین لە تەواوى ناوچەکان دەبارێت لە ئەنجامى یەکگرتنى هەردوو نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سوور شەپۆلێکى بارانبارین سەرتاپاى ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە، سەنتەرى پارێزگاکان بارانبارینى بە لێزمە و هەورەتریشقە دەبێت، هەندێکجار لە کاتى بارانبارین بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو دەبێت.

ئەوەش هاتووە، کە زۆرترین رێژەى بارانبارینى پێشبینکراو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى دەبێت، بەفریش لەسەر لوتکەى شاخە بەرزەکان دەبارێت.