ئاهەنگی خوێندکارانی قۆناغی چوارەمی کۆلێجی کارگێڕی و ئابوری زانکۆی سلێمانی. فۆتۆ: زانکۆی سلێمانی
هێنانی میوان بۆ ئاهەنگی دەرچوون لە زانکۆی سلێمانی قەدەغە کرا
هاوبەش ئەبوبەکر
زانکۆی سلێمانی هێنانی میوانی بۆ رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوون، لە خوێندکاران قەدەغەکرد، دەڵێت، وێنەگرتنی دەرچوون لەناو کەمپەس تەنها بە ئامادەبوونی خوێندکارانی قۆناغی کۆتایی و مامۆستایان دەبێت.
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبووەوە و پێنج بڕیاری بۆ ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاران دەرکرد، دەڵێت بڕیارەکان لەپێناو پاراستنی پاکوخاوێنی و سەوزایی و ئارامی و هاتوچۆی ناو کەمپەسی زانکۆ و کەمکردنەوەی ئەرکی دارایی سەرشانی کەسوکاری خوێندکاران و بەدەستهێنانی دادپەروەرییە بۆ خوێندکاران.
بڕیارەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 و ساڵانی دواتریشە کە ئەمانەن:
1- وێنەگرتنی دەرچوون لەناو کەمپەس تەنها بە ئامادەبوونی خوێندکارانی قۆناغی کۆتایی ومامۆستایان دەبێت.
2- هێنانی میوان و کەسوکار بۆ ناو کەمپەسەکانی زانکۆ، بۆ بەشداری لە ێوڕەسمی وێنەگرتن رێگەپێنەدراوە.
3- رازاندنەوەی مێز و کورسی وهێنانی کۆمپانیای دیکۆرات و دیاری و دانانی خواردن و خواردنەوە و شیرینی و ئاهەنگ گێڕان لەناو کەمپەس رێگەپێنەدراوە.
4- رێگە بە هێنانە ژورەوەی ئۆتۆمبێل بۆ ناو کەمپەس نادرێت لەژێر ناوی وێنەگرتن.
5- داواکردنی وێنەی دەرچوون لەلای وێنەگری زانکۆ کارێکی ئارەزومەندانەیە بۆ خوێندکاری دەرچوو.
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی دەڵێت، “خوێندکارانی دەرچوو دەتوانن ئاهەنگ و کاتە خۆشەکانی خۆیان لەگەڵ کەسوکاریان لە دەرەوەی کەمپەسی زانکۆ بەسەربەرن”.