بە سپۆنسەری 964 فێستیڤاڵی ماتماتیک لە زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت

964+

محەمەد عومەر -هەڵەبجە

بە بەشداری 80 خوێندکار و بە سپۆنسەری 964 دووەم پێشبڕکێی بیرکاری و کۆمپیوتەر لە زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

پێشبڕکێی زانستی بیرکاری، ئەمە ساڵی دووەمە لە زانکۆی هەڵەبجە ئەنجامدەدرێت و بۆ ئەمساڵ وێڕای ئەوەی دەزگای میدیایی 964 سپۆنسەری پێشبڕکێیەکەیە، داوەتنامە بۆ چەند زانکۆیەیەکی دیکەش نێردراوە بە مەبەستی فراوانکردنی پێشبڕکییەکە.

ئامانج لە فراوانبوونەکەی ئەوەیە لە داهاتوودا بکرێت بە مۆندیالی بیرکاری هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، کە پێشتر زانای بیرکاری کورد، کۆچەر بیرکار لە مۆندیالی بیرکاریدا دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا تواناکانی نیشانی دونیا بدات.

باوەڕ محەمەد، سەرپەرشتاری پێشبڕکێیەکە بە 964ـی وت، ئەمڕۆ قۆناغی یەکەم بەڕێوەدەچوو. سێ تیپ دەچنە قۆناغی کۆتایی کە 17ـی ئەم مانگە دەستپێ دەکات و یەکەم و دووەم و سێیەم دەستنیشان دەکرێن.