لیژنەی فریاگوزاری خێرا بۆ پاراستنی شاخی گۆیژە لە سووتان پێکهێنرا
964+
فەرمان سادق
بە دروشمی چیای گۆیژە بۆ هەموومانە با پێکەوە بیپارێزین، قایمقامیەتی سلێمانی بە ئامانجی دانانی پلانێکی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکانی هەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەگەڵ لیژنەی فریاگوزاری خێرا کۆبووەوە.
لە کۆبووەنەوەکەدا تاوتوێی گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە کراوە کە پێویستە بگیردرێتەبەر بۆ رێگرتن لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە، بۆ ئەمەش بڕیاردرا هەڵمەتەکان بۆ دروستکردنی ئاگربڕ دەستپێبکەن و هەتا ئەو کاتەی مەترسی کەوتنەوەی ئاگر نامێنێت تیمی تایبەتی پۆلیسی دارستان و بەرگری شارستانی و ئاسایش و پۆلیسی فریاکەوتن و شارەوانی و دارستان و پاوان بەردەوام چاودێری شاخی گۆیژە دەکەن و هەماهەنگی لەنێوانیاندا دەبێت.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 9.5.2023 لە بینای قایمقامیەتی سلێمانی ئەنجامدراوە.
ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی دەڵێت: پاراستنی شاخی گۆیژە لە سووتان ئەرکی هەموو لایەکە، بەشێکی لە ئەستۆی دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری ئیدارەی شاری سلێمانییە، بەشەکەی دیکەی ئەرکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە، هەروەها بەشێکی دیکەی پاراستنی شاخی گۆیژە بەستراوەتەوە بە ئاستی رۆشنیری ئەو هاوڵاتی و گەشتیارانەی رووی تێدەکەن.
دەشڵێت: داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە هاوکاربن تاوەکو پێکەوە بتوانین خزمەتێکی زیاتر بە شاری سلێمانی بکەین.