رێژەکەی 2%ـە

کەرکوک لە سەوزاییدا وەزعی خراپە

964+

کاروان ساڵح – کەرکوک

رێژەی سەوزایی لە کەرکوک 2%ـە و لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە رێژەکە تەنیا 1% زیادی کردووە.

لە سنووری کەرکوک حەوت دارستان بوونیان هەیە، بەڵام زۆرینەیان کەوتوونەتە قەزا و ناحییەکانی دەوروبەریەوە و بەشێکیشیان لە لایەن رێکخراوی داعشەوە تێکدراون.

ستانداردی جیهانی بۆ رێژەی سەوزایی 25٪ـە و رێژەکە لە پارێزگای کەرکوک 23% کەمترە.

کەرکوک پارێزگایەکی نەوتییە و بۆ پاراستنی تەندروستی و ژینگەی شارەکە دەبوو سەوزایی زۆر زیاتر بووایە، بەڵام کۆمپانیاکان ئەو رێژە سەوزاییە جێبەجێ ناکەن کە لەسەریان پێویستە. ئەمە وتەی شکۆفە ساڵەیی، لێپرسراوی رێکخراوی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوزە بۆ 964.

دەشڵێت، هیچ لێپرسینەوەیەکیان لێ ناکرێت و پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

بە پێی دەستووری عێراق، هەر شارێک کۆمپانیای نەوت کاری تێدابکات دەبێت چواردەوری شارەکە لە لایەن کۆمپانیاکانەوە سەوز بکرێن.

فەرەیدون عادل زەنگەنە، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك بە 964ی وت، “بەهۆی بوونی کۆمپانیاکانی نەوتەوە بەشێکی کەرکوک چوونە ناوەوەی قەدەغە کراوە و هەندێ شوێنیش کە بۆ سەوزایی داندرابوون بە زیادەڕۆیی کران بە خانوو”.

بوودجەمان نییە و کۆمپانیا نەوتییەکانیش سەوزایی ناکەن و لێپێچینەوەشیان لەگەڵ  ناکرێت. ئەوەش وتەی فەرەیدون عادل زەنگەنەیە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد