راهێنەران و کاپتنی هەردوو یانە. فۆتۆ: توویتەر
گاڵته‌كه‌ی ئانچیلۆتی بووه راستی
ئه‌مڕۆ یاریی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت
+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
له یاریی كۆتایی جامی شای ئیسپانیای ئه‌م وه‌رزه، ریال مەدرید و ئۆساسۆنا ، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممه رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه، پێشتریش ئه‌نچیلۆتیی راهێنه‌ری ریال مه‌درید به گاڵته به راهێنه‌ری ئۆساسۆنای وتبوو له یاریی كۆتایی به‌یه‌ك ده‌گه‌ین.
یارییه‌كه ئه‌مشه‌و كاتژمێر 11:00 به كاتی كوردستان لە یاریگه‌ی لاکارتوخا لە سێڤییا ئەنجام ده‌درێت.
یانه‌ی شاهانە خەونی بەدەستهێنانی جامی شای ئیسپانیا بۆ جاری بیستەم لە مێژووی خۆیدا هه‌یه، لە کاتێکدا ئۆساسۆنا ئاواتەخوازە بۆ یەکەمجار نازناوه‌كه بباته‌وه.
گاڵتەكه‌ی ئەنچیلۆتی بووه راستی
دوای بردنەوەی ڕیال مەدرید لە گەڕی 22ی لالیگای ئیسپانیا له یانه‌ی ئۆساسۆنا بە ئەنجامی 2-0، لە یاریگای ئێل سادار، کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری یانەی ریال چووە لای یاگۆا ئاراساتیی راهێنەری ئۆساسۆنا و به گوێیدا چرپاند، كه له یاریی كۆتایی جامی شادا به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه، دوای ئه‌مه هه‌ردوولا پێكه‌نین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌م گاڵته‌یه بووه‌ته راستی.
باڵادەستیی فراوان
ریال مەدرید لە جامی شادا 4 جار رووبەڕووی ئۆساسۆنا بووه‌ته‌وه و هه‌موو جاره‌كان ریال براوه بووه.
هه‌روه‌ها کارلۆ ئەنچیلۆتی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەكانی لەگەڵ ئۆساسۆنا لە ماوەی 8 یاریدا دووچاری شکست نه‌بووه، 5 بردنەوە و 5 یەکسانبوونی هه‌یه.
نەفرەتی جامی پاشا
ریال مەدرید بە درێژایی مێژووی خۆی بەدەست نەفرەتی یاریی کۆتایی جامی پاشا ئازاری چەشتووە.
یانه‌كه 39 جار گەیشتووه‌ته یاریی کۆتایی جامی شا، به‌ڵام ته‌نیا 19 نازناوی بردووه‌ته‌وه و 20 جاریش دۆڕاوه، به‌مه‌ش زۆرترین دۆڕانی له یاریی كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا هه‌یه.
یانەی شاهانە لە وەرزی 201302014ـەوە نه‌یتوانی جامی شا بباته‌وه، له‌وه‌ته‌ی ئانچیلۆتییش له جاری دووه‌مییه‌وه راهێنه‌ری تیپه‌كه‌یه، یه‌كه‌مجاره ده‌گاته یاریی كۆتایی.