لە كەركوك

سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ ئەفسەرێک دەرکرا

964+

توانا نەقی

دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردووەتەوە، سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ ئەفسەرێکی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک دەرکراوە کە بە بەهای دوو ملیار دینار گەندەڵی کردووە.

دادگای تاوانەکانی کەرکوک سزاکەی بە شێوەی غیابی دەرکردووە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە ئەو ئەفسەرە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گەندەڵییان کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک بە بەهای سێ ملیار و 453 ملیۆن و 121 هەزار دینار کەلوپەلی کڕیوە و ئەو ئەفسەرە لەگەڵ 14 کەسی دیکە سەرپەرشتی ئەو کارەیان کردووە وەک لیژنەی ژمێریاری و میری دەبوو دابەشیان بکردایە بەسەر ناوەندەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک، بەڵام دابەشیان نەکردووە و گەندەڵییان تێدا کردووە.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستیان بەسەر ملیارێک و 404 ملیۆن و 731 هەزار دیناردا گرتووە و دوو ملیار دینار ماوەتەوە و دیارنییە.

ئەوەش هاتووە، دادگا دوای پشکنینی بەڵگەکانی بەردەستی لە دۆسیەکەدا بە ئامادە بوونی نوێنەری یاسایی پۆلیسی کەرکوک و لێدوانی یەکێک لە تۆمەتبارەکان و هەروەها راپۆرتەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق بڕیارەکەی داوە.

بڕیارەکەش بۆ سزادانی ئەو ئەفسەرە بە پێی بڕگەکانی مادەی 316 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکراوە.