قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی بەردەوامە لە بایکۆت
“ئەو نوسراوەی دادگا سەرەتای نیگەرانییە قووڵەکانی قوباد تاڵەبانی بوو لە ئامادەنەبوونی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران”هەروەها بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە کرد، هێز براوەتە دەوروبەری ماڵی براکەی لە هەولێر. ئەم رووداوەیان دوای کوژرانی هاوکار جاف بوو، فەرماندەکەی دژەتیرۆری کوردستان لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر، بەهۆی بۆمبی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەی. گوایە ئەوەی هێزی بردووەتە نزیک ماڵی قوباد تاڵەبانی، ئەژی ئەمین بووە، کە چەند مانگێکە لە هەولێرە و خۆی وەکو سەرۆکی دەزگای زانیاریی/زانیاریی دەناسێنێت، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی رەتیدەکەنەوە ئەو پەیوەندی بەو دەزگایەوە مابێت. نیگەرانییەکەی قوباد تاڵەبانی لە مەسرور بارزانی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە پێیوایە، “جوڵە بە هیچ هێزێک ناکرێت بە بێ پرسی مەسرور بارزانی لە هەولێر”. بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری خوێندنی باڵا، رۆشنبیری، پلاندانان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەشداردەبن، کە ئەمانە لەسەر پشکی یەکێتی ئەو پۆستانەیان وەرگرتووە. یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئهنجومهنی وهزیران “تاوتوێکردنی پێشێلكارییە بهردهوامەکانی سهروهریی خاکی عێراق و ههرێمی كوردستانە”، بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەت. پێشتر، میدیای یەکێتی لە زاری قوباد تاڵەبانییەوە بڵاویکردبووەوە، “تاوەکو نیگەرانییەكان نەڕەوێندرێنەوە بەشداریی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ناكەین.”