چاوەڕێی مانەوەیە لە خولی نایاب

چه‌مچه‌ماڵ “ئارارات”ـی له‌ نازناوی خولی كوردستان دوورخسته‌وه‌

964+
هۆگر عەدنان – چه‌مچه‌ماڵ

چەمچەماڵ لە یاریگه‌ی خۆیدا سەرکەوتنی به‌سه‌ر یانه‌ی ئارارات بەدەستهێنا، به‌مه‌ش یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر بووه‌ پاڵه‌وان و ئارارات له‌ نازناوه‌كه‌ بێبه‌ش بوو.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڕی پێشكۆتایی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، ئارارات بە مەبەستی بردنەوە سەردانی چەمچەماڵی کرد، به‌ڵام یانەی چەمچەماڵ سه‌ره‌ڕای بارودۆخی خراپی خۆی، یانه‌ی ئاراراتی له‌ نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ بێبه‌ش كرد، كه‌ تا ئه‌مڕۆش ركابه‌ری بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ی ده‌كرد، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی چه‌مچه‌ماڵ یارییه‌كه‌ی به‌ 1-0 گۆڵ برده‌وه‌.

لە خولەکی 17ی یارییەکەدا یاریزان هاوکار لەتیف تاكه‌ گۆڵی بردنەوەی بۆ یانەی چەمچەماڵ تۆمارکرد.

یانەی چەمچەماڵ بۆ ئەنجامدانی یاریی پاشکۆ بەرانبەر یانەی سلێمانی، لە ریزبەندی سێیەمی خولی پله‌ یه‌كی کوردستان، چاوەڕوانی دۆڕان یان یەکسانبوونی یاریی داهاتووی یانەی زاخۆ دەکات، كه‌ بەرانبەر یانەی دەربەندیخان له‌ یاریگه‌ی دەربەندیخان یاریی ده‌كات.

هاوکار لەتیف یاریزانی یانەی چەمچەماڵ له‌ دوای یارییه‌كه‌ بۆ تۆڕی 964 وتی: هیوادارم بەم گۆڵەی من، یانەکەم بگاتە یاریی پاشکۆ و دواتر لە خولی نایاب بمێنینەوە، چونکە بەڵێنی مانەوەمان بە هاندەرانی یانەکەمان داوه‌، داواکارم لە خودا ئەنجامی یارییەکانی هەفتەی داهاتوی خولەکە بە دڵی ئێمە بێت”.

ئێستا یانەی چەمچەماڵ بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ لە پلەی 14مینی خولی نایابه‌ و و یانه‌ی زاخۆش بە 29 خاڵ لە ریزبەندی کۆتایی خولەکەدایە، به‌ڵام چه‌مچه‌ماڵ له‌ دواگه‌ڕدا یاریی ناكات و یارییه‌كانی ته‌واوبوونه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا