گەڕەکە نوێیەکان رێژەی سەوزاییان 25% دەبێت

هەولێر.. باخچەی گەڕەکەکان دەکرێنە دارستان

964+

فەرمان سادق

بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان رووبەری سەوزایی باخچەی ناو گەڕەکەکان دەکەن بە دارستان و  گەڕەکە نوێیەکانیش رێژەی سەوزاییان 25% دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە پلانێکی نوێی بۆ سەوزکردنی ئەو رووبەرە زەوییانە داناوە کە لە نەخشەی گەڕەکەکان بۆ باخچە دانراون.

رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ـی وت، چیتر ئەو رووبەرانە ناکەین بە سەوزایی، بەڵکو دەیانکەین بە دارستان و داری تێدا دەڕوێنین، ئەمەش تاقیکراوەتەوە لە چەندان باخچەی گەڕەکەکان و سوودیشی بۆ ژینگە و کەشوهەوا زیاترە و خەرجیشی لەسەر حکومەت کەمتر دەکەوێت بەوەی پێویستی بە پەرژین نابێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان لە هەولێر، نەمامگە و دارستانی تایبەت بە خۆی هەیە و تێیدا ساڵانە 100 هەزار دار و 50 هەزار گوڵی جۆراوجۆری تێدا بەرهەم دەهێندرێت.

تاوەکو ئێستا لە هەولێر 230 باخچەی گەڕەکەکان داریان تێدا چاندراوە، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانیش دەڵێت: لە ساڵانی ئایندە بەرهەمەکەی و سوودەکەی بۆ ژینگە دەبیندرێت.

زۆرینەی رووبەری دابینکراو بۆ باخچە لە هەولێر هاوشانی شارەکانی دیکە کراون بە شوێنی دانانی مۆلیدە، ئەمەش وایکردووە نەکرێن بە باخجە.

رێبین ئەحمەد، باس لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەو پرسە کە هەوڵەکان بۆ ئەوە دەچن کارەبای نیشتمانی بکرێت بە 24 کاتژمێری و دەڵێت: دوای ئەوە سەرجەم شوێنی ئەو مۆلیدانە دەکرێن بە دارستان، بۆ ئەمەش پلان دانراوە بە مەبەستی زیاترکردنی رێژەی سەوزایی.

لە سەنتەری هەولێر 450 پارک و باخچە هەیە، کۆی گشتی رێژەی سەوزایی لەسەر بنەمای پێوەر 19.5%، بەڵام بەڕێوەبەرای ئەندازەی پارکەکان ئاشکرای دەکات کە هەر گەڕەکێکی نوێ دروست بکرێت ئەوا رێژەی 25%ـی رووبەرەکەی دەکرێتە سەوزایی.