داوای کورسی دەکەن بۆ سەیرکردنی مۆندیال له‌ شاشه گه‌وره‌كەى دهۆك

+964
عه‌مار عه‌زیز – دهۆك
لە دهۆک گەورەترین شاشە بۆ سه‌یركردنی یارییەکانی موندیال دانرا و هانده‌رانی وه‌رزشی له‌وێوه‌ سه‌یری یارییه‌كان ده‌كه‌ن.
ئیسماعیل مستەفا بەرپرسی راگەیاندن له‌ سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک بە 964+
ی وت: عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لە رۆژی یەکەمی دەستپێکردنی موندیال بڕیاری دا بە دانانی شاشەیەکی گەورە بۆ سه‌یركردنی یارییەکانی موندیالی قه‌ته‌ڕ، شاشەکەش لە پارکی نەوروز لە ناوەندی بازاڕی شاری دهۆک دانراوه‌”.

وتیشی: کارەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی دهۆک كراوه‌، قەبارەی شاشەکە هه‌شت مەتر درێژ و سێ مەتر بەرزە، لە شوێنێکی ئاوا دانراوە کە بارانی به‌رناكه‌وێ و تا کۆتایی موندیالیش لەو شوێنەدا دەمێنێتەوه‌”.
ڕۆژی یەکشەممە، تشرینی دووەم مۆندیالی ٢٠٢٢ لە قەتەر دەستیپێکرد، کە تا ١٨ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت و بە یەکەم مۆندیال دادەنرێت کە لە وڵاتێکی عەرەبی و موسڵمان ڕێکبخرێت.
نوح عەزیز، خەڵکی شاری دهۆکە، ئه‌و بە دانانی شاشە گەورەكە دڵخۆشە، به‌ڵام داوا ده‌كات کورسی بۆ دانیشتنی هه‌وادارانی وه‌رزشی و ئاره‌زوومه‌ندانی یارییه‌كان دابنرێت.
“لە دەوروبەری شاشەکە هیچ شوێنێک نییە بۆ دانیشتن”
ئه‌و بۆ 964+ وتی: ” ئەمە چێژ و تامێکی زیاتر دەداتە موندیال”، به‌ڵام لە دەوروبەری شاشەکە هیچ شوێنێک نییە لێی دابنیشین، بۆیه‌ داواكارم كورسی دابنرێت.
هاوشێوه‌ی شاری دهۆك، له‌ شاری هه‌ولێریش له‌ باڵاخانه‌ی میدیا سیتی، شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ لایه‌ن “هاف تایم” دانراوه‌، و شوێنه‌كه‌ داخراوه‌ و كافێ و رێستورانت و شوێنی كاتبه‌سه‌ربردنی زیاتری تێدا دابین كراوه‌.
له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌واداری وه‌رزشیی زۆرن، به‌شێكیان له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كانی وه‌ك كافیتریا و چایخانه‌ و له‌ به‌رده‌م ئه‌و شاشانه‌ی دانراون، سه‌یری یارییه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ ده‌كه‌ن.