تا ئێستا رێگاى هاتوچۆى گوندى قڕناقا نه‌كراوه‌ته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى ئه‌و باران و لافاوه‌ى كه‌ ماوه‌ى رابردوو به‌شێكی زۆرى ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستانى گرته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین رێگاى سه‌ره‌كى و لاوه‌كى داخران، زۆربه‌ى رێگاكان كرانه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا رێگاى هاوتوچۆى گوندى قڕناقاى بنارى قه‌ندیل نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و هاتوچۆى ئوتومبێل تێیدا وه‌ستاوه‌.

گوندى قڕناقا، دوورترین گوندى هه‌رێمى كوردستانه‌ كه‌تووه‌ته‌ سنوورى بنارى قه‌ندیل و له‌ ئێستادا نزیكه‌ى 20 خێزانى لێده‌ژى و كارى ئاژه‌ڵدارى و كشتوكاڵى ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ گوندى پشتئاشان نزیكترین خاڵى سنوورى هه‌رێمى كوردستانن له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا .

دڵشێر ئیبراهیم هاوسه‌رۆكى شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل، به‌ 964ـى وت “تا ئێستا نه‌توانراوه‌ رێگاى هاتوچۆى گوندى قڕناقا بكرێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌ى سه‌رقاڵى پاككردنه‌وه‌ى رێگاى گونده‌كانى تر بووین كه‌ زۆربه‌یان داخرابوون”.

له ‌سنوورى بنارى قه‌ندیل نزیكه‌ى 67 گوند هه‌ن کە کەوتوونەتە نێوان هەردوو ئیدارەی سۆران و راپەڕینەوە، به‌هۆى بارانه‌كه‌ى ئه‌م دواییه ‌رێگاى زۆربه‌ى گونده‌كانى داخران.

به‌ قسه‌ى هاوسه‌رۆكى بنارى قه‌ندیل، تا ئێستا توانیویانه‌ رێگاى زیاتر له‌ 50 گوند پاكبكه‌نه‌وه‌ و 90%ـى کارەکانیان تەواو بووە، ته‌نها رێگاى گوندى قڕناقا ماوه‌ ئه‌ویش له‌م رۆژانه‌ ده‌كرێته‌وه‌.