نەخۆشخانەی عەلی ناجی ھۆشداری لە بەکارھێنانی دەرمانێک دەدات

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەکارھێنانی دەرمانی سەربەخۆ وەک چارەسەر لەلایەن گۆمانلێکراوانی توشبوو بە کۆرۆنا، نیگەرانی بۆ نەخۆشخانەی عەلی ناجی و مەترسی بۆسەر توشبووان دروستکردووە.

بەپێی داتاکانی نەخۆشخانەی عەلی ناجی لە سلێمانی کە تایبەتکراوە بە پشکنینی پەتای کۆرۆنا، ئێستا جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە کە لە ماڵباتی کۆرۆنایە لە جۆری (ئۆمیکرۆن X,B,B,1.5)، ئەوکەسانەی تووشی دەبن جیاوازترین نیشانەیان بوونی قوڕگ ئێشەیەکی توندە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3.5.2023، سەرخێڵ ئاراز بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی عەلی ناجی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، “کۆرۆنا وەک پەتا نەوەستاوە لە بڵاوبوونەوە، بەڵام جێگەی خۆشحاڵییە کە مەترسییەکانی بەو رادەیە نین کە گیانلەدەستدانی لێ بکەوێتەوە”.

“ئاگادارین خەڵک سەربەخۆ دەرمانی ئەزیزترۆمایسین بەکاردەھێنن کە ئەم دەرمانە کاریگەری بۆ سییەکان ھەیە، ئەو شەپۆلە نوێیەی کۆرۆناش کاریگەری لەسەر قوڕگ دادەنێت، لە دۆخێکی وادا ئەو دەرمانە جگە لە زیان ھیچ سوودێکی بۆ توشبوو نابێت، دەبێت پزیشک بڕیار لەسەر جۆری دەرمانەکە بدات بەپێی حاڵەتی نەخۆشەکە” سەرخێڵ ئاراز وای وت.

گۆڕاوەکانی کۆرۆنا رادەی بڵاوبوونەوەیان زۆرە، رۆژانە ئەگەر 50 کەس سەردانیان بکەن زۆرینەیان لە پشکنین و نیشانە دەردەکەون کە توشبوون، سەرخێڵ ئاراز وتی، “بۆ ماوەی پێنج رۆژ بە نیشانەی قورس و ئازارەوە کاریگەری ڤایرۆسەکەی لەسەر توشبوو دەمێنێت، لەگەڵیشیدا ڤایرۆسەکە گوێزەرەوەیە”.

ئەوەی بەلای نەخۆشخانەکەوە دەکەوتووە و بووەتە جێگەی مەترسی، بەکارھێنانی دەرمانی جیاوازە بۆ چارەسەرکردن، بەڕێوەبەرەکەی نەخۆشخانەی عەلی ناجی ئەوەی باسکرد، “نابێت خەڵک وا ئاسان دەرمانی دژە ھەوکردن بەکاربھێنن، یان ھەمان رێگا چارەسەرییەکانی کە باو بوون بۆ رێگەگرتن لە کۆرۆنا، بەڵکو بەگوێرەی نیشانەکان رێکارە چارەسەرییەکان دیاری دەکرێن”.