داوای کردنەوەی نووسینگەی کار لە قەزاکان دەکرێتەوە

964+

فەرمان سادق

لەگەڵ ئەوەی نووسینگەی کار لە سەرجەم شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان هەیە، بەڵام سەرۆکی سەندیکاکانی کرێکاران داوا دەکات لە قەزاکانیش بکرێتەوە.

هەنگاو حەمەخان، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە 964ـی وت، پێشنیازمان کردووە بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە سەنتەری کار لە قەزاکان بکاتەوە، چونکن ناکرێت کرێکار ئەو رێگا دوورە ببڕێت بۆ ئەوەی خۆی تۆمار بکات.

ئەو قسەیەی سەرۆکی سەندیکای کرێکاران لە کاتێکدایە بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، لە سەرتاسەری کوردستان تەنیا 146 هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتیان بۆ کراوە، لەو ژمارەیەش 24 هەزاریان کرێکاری بیانین.

هەنگاو حەمەخان، ژمارەی کرێکاری تۆمار کراو بەراورد بە ژمارەی کرێکاری کارکەر لە بازاڕ زۆر کەمە، بۆیە گرنگە سەنتەری کاری سەر بە وەزارەتی کار بچنە قەزا و ناحیەکان، تەنانەت گرنگە لە شارەکانی وەک هەولێر و سلێمانی، ژمارەی سەنتەر لە یەک دانە بۆ دوو سەنتەر زیاد بکەن.

لە بارەی دەرفەتی کار، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت: دەرفەتی کار ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیادی کردووە، بە تایبەت بڕیاری حکومەتی هەرێم کە دەبێت نزیکەی 80%ـی کرێکارەکان خۆماڵی بن، ئەوەش هەنگاوێکی زۆر باشە.

دەشڵێت: ئەگەر نووسینگە لە قەزایەکان بکرێتەوە و کرێکارانی سەنتەری قەزایەکان و ناحیەکانی دەوروبەری خۆیان تۆمار بکەن، ئەوا لە ژمارەی دروستی کرێکاران لە کوردستان نزیک دەبینەوە، تێدەگەین کرێکارمان لە کوێ پێویستە و چ جۆرە کرێکارێکیشمان هەیە.