وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان: مووچە بۆ 118 کەس دەبڕینەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
حکومەتی هەرێم مووچەی بەردەوام بۆ 118 زیندانیکراو و گیراوی سیاسی، کە هیچ مووچەی تریان نییە، دابین دەکات.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەمڕۆ سێشەممە لە فەیسبوک رایگەیاند، لیستێکی تری زیندانییانی سیاسی بۆ مووچەی بەردەوام رادەگەیەنین کە بەپێی یاسای چاکسازی ووردبینی و پێداچوونەوە و پاککردنەوە لە دۆسییەکانیان کراوە.
بەرزترین بڕی مووچە بۆ ئەو کەسانەی ناویان لە لیستەکەدا هەیە بە 700 هەزار دینار دیاریکراوە و نزمترینیش 250 هەزار دینارە، بەڵام بڕی مووچەی بەشێک لە زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی لە لیستەکەدا دیارینەکراوە.
کۆی گشتی ئەو پارەیەی کە بۆ پێدانی مووچە دیاریکراوە، 52 ملیۆن و 500 هەزار دینارە.
وەزارەتەکە داوا لەو کەسانە دەکات کە ناویان لە لیستەکەدا هەیە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری زیندانییە سیاسییەکان بکەن بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی مووچەی مانگانەیان.
ئەو کەسانەی کە رێکارەکانی بایۆمەتری و بەڵێننامەیان تەواو نەکردووە، يان پێويستيان به شایەت هەیە، دەبێت بەڵێننامەی شایەتەکانیان تەواو بكەن و دوای تەواوکردنیان، سەردانی بانکی کاروباری زیندانییە سیاسییەکان بکەن.
وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، “ئەو زیندانییە سیاسیانەی کۆچی دواییان کردووە، وارسەکانیان رێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری زیندانییە سیاسییەکان، تایبەت بە یاسای خانەنشینی بەرکار تەواو بکەن، بۆ وەرگرتنی منحەکەیان”.
هەروەها ئه وانەی لە لیستەکەدا ناویان هاتووە و مووچەى تريان هەيه، دەبێت لەماوەی یەک مانگدا ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتی كاروبارى زيندانيیە سياسيیەكان بكەن كە مووچەی زيندانى سياسى وەرناگرن و موچەکەی تریان هەڵدەبژێرن، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان وا دەڵێت.