وەزارەتی ناوخۆ: سزای چەکی بێ مۆڵەت ساڵێک تا سێ ساڵ زیندانییە

964+

فەهمی نەبی

حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت لەدوای 21ی تەمموز، رێکاری نوێ دەردەچێت بۆ ئەوانەی چەکی بێ مۆڵەت هەڵدەگرن، ئەو کەسانەی چەکی بێ مۆڵەتیان پێدەگیرێت لە ساڵێک تا سێ ساڵ زیندانی دەکرێن.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم نزیکەی ساڵێکە هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، بەپێی ئەو وادەیەی دانراوە 21.7.2023 دوا وادەیە بۆ رادەستکردنی ئەو چەکانەی تۆمار نەکراون.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ دووشەممە، بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی راگەیاندوە، دوای ئەو وادەیەی دیاریکراوە رێکاری نوێ پەیڕەو دەکرێت.
هێمن میرانی دەڵێت: دوای 21ی تەمموز هەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەتی لابێت بەپێی مادەی 15ی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022 مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، کە لە ساڵێک تا سێ ساڵ زیندانی دەکرێت و سزای دارایی دەدرێت بە دوو ملیۆن تا پێنج ملیۆن دینار.

بەپێی هەواڵەکەی حکومەت بێت، پرۆسەی تۆمارکردنی چەک بەردەوامە، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی توندوتیژی کۆمەڵایەتی.