١ـی ئایار، هەم تراژیدیا هەم سەرکەوتن بۆ کرێکاران

+964

دێسکی کوردی

بەشێک لە مێژوونوسان بڕوایان وایە کە یەکەم مانگرتنی تۆمارکراوی کرێکاران لە سەردەمی میسرییە کۆنەکانەوە سەریهەڵداوە، کاتێک کرێکارانی دروستکردنی هەڕەمەکان، مانیان گرتووە و داوای باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان کردووە، بەڵام ئەو رۆژەی ژیانی کرێکارانی بۆ تاهەتایە گۆڕی 1ـی ئایاری ساڵی 1886 بوو.

لە 1ی ئایاردا، هەزاران کرێکار دەستیان بە خۆپیشاندانێکی هێمنانە کرد لە هایمارکێتی ویلایەتی شیکاگۆی ئەمریکا و داوای کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردنیان کرد لە 14وە بۆ هەشت کاتژمێر، لەژێر دروشمی “هەشت کاتژمێر بۆ کار، هەشت کاتژمێر بۆ خەو، هەشت کاتژمێر بۆ ئەو شتانەی حەزمان لێیە”.

هەموو شتێک ئاسایی بوو تا ئەوکاتەی بۆمبێکی دەستی بە تیمەکانی پۆلیسدا تەقییەوە، چەند کەسێک کوژران و بریندار بوون و گرژی کەوتە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی شیکاگۆ، دواتر دەیان کەسیش دەستگیرکران.

ئەم رووداوە دەنگدانەوەیەکی جیهانی بە دوای خۆیدا هێنا و لە ساڵی 1889 فیدراسیۆنێکی نێودەوڵەتی گروپە سۆسیالیستەکان و یەکێتیە بازرگانییەکان لە پاریس کۆنگرەیەکیان کرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ داواکاری کرێکارەکانی شیکاگۆ دەربڕی و هەروەها رۆژی 1ی ئایاریان بە رۆژی کرێکاران ناساند.

ساڵانە لەو رۆژەدا یادی ماف و دەسکەوت و ئازارەکانی چینی کرێکاران دەکرێتەوە، کە دواتر مانای کرێکار گۆڕدرا و ئێستا سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە کرێی رۆژانە، هەفتانە یان مانگانە کار دەکەن.