هەولێر.. دەستبەسەر 40 کارتۆن گۆشتی قەدەغەکراو گیردرا
964+
فەرمان سادق
لە هەولێر دەستبەسەر 40 کارتۆن گۆشتی قەدەغە گیردرا و شوێنەکانیش داخران و رێکاری یاساییش بەرامبەر خاوەنەکانیان گیرایەبەر.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 30.4.2023، لە دوو کاتی جیاواز و لە دوو شوێنی جیاواز لە شاری هەولێر دەستبەسەر 40 کارتۆن گۆشتی قەدەغە گیردرا.
قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، لە یەکێک لە مارکێتەکاندا دەستبەسەر 21 کارتۆن گۆشتی قەدەغەکراوی هیندی گیردرا.
دەشڵێت: شوێنەکە لەلایەن پۆلیسی شارەوانی داخرا و رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکەی گیرایەبەر.
هاوکات ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای خەبات کە 35 کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای هەولێر دوورە، لیژنەکانی چاودێری بازرگانی قەزایەکە لە سەردانیان بۆ ژمارەیەک مارکێت و دوکان، دەستیانگرت بەسەر 19 کارتۆن جەرگی قەدەغەکراو.