وەزارەتی پەروەردە: چەندین باندی قۆپیەکردن دەستگیرکران
964+
دێسکی کوردی
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، لەسەر راسپاردەی ئەوان، هێزە ئەمنییەکان چەندین باندی “فریودەر”یان دەستگیركردووە بە تۆمەتی ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەیان بۆ ئامێری قۆپیەكردن كردووە.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 30.4.2023، راگەیەندراوێکی لەمبارەیەوە لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە.
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان بە 964ی وت، “بە مەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری سکاڵاکار دەبین لەسەر هەر کەس و باندێک، کە بانگەشەی نایاسایی لەبارەی تاقیکردنەوەکان بکات و رووبەڕووی دادگاکانیان دەکەینەوە”.
سیوەیلی وتیشی، رێگە بەهیچ جۆرە قۆپیەیەك نادەن و هەر قوتابییەكیش قۆپیە بكات، سەرجەم وانەكانی بە سفر بۆ هەژمار دەكرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە، تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆلەکانی بنەڕەتی و ناکۆتاکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.