سەرجەم نیشانەكانی هاتوچۆ لە هەولێر نۆژەندەكرێنەوە
964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر سەرجەم نیشانەكانی هاتوچۆ نۆژەندەکاتەوە و ئەوانەی دەرەوەی شاریش دەگۆڕدرێن و نوێ دەكرێنەوە.
نیشانەكانی هاتوچۆ، پێكدێن لە نیشانەكانی خێرایی سەرشەقامەكان، ئاراستەكانی چەپ و راست، هێڵی ناوەڕاست و بەرزە پرد و ژێر پردەكان و هەروەها هێڵی یوتێرن و دەستنیشانكردنی رێگاكانی دەرەوەی شار.
سەرجەم ئەو نیشانانە لە شەقامەكانی 30 مەتری، 60 مەتری، 100 مەتری لە هەولێر نۆژەنكراونەتەوە و پڕۆژەكە بەردەوام دەبێت تا تەواوی سنووری قەزانی ناوەندی هەولێر نۆژەن دەكرێنەوە.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ی وت، پاش نۆژەنكردنەوەی نیشانەكانی ناوشار دەستدەكرێت بە نۆژەنكردنەوەی نیشانەكانی دەرەوەی شاریش.
نیشانەی نوێی و هێماكانی هاتوچۆ و تاسەی پلاستیكی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە كڕدراوە و رادەستی هاتوچۆ كراوە بۆ ئەوەی لەو شوێنانە دابنرێن كە پێویستن و تاسە كۆنەكانیش بگۆڕدرێن و تاسەی نوێش دابنرێن. فازڵ جاجی وای وت.
ئەم هەڵمەتە لەسەرجەم كوردستان بەردەوام دەبێت و چەندین بواری جیاجیا لە خۆ دەگرێت كە لەبواری هاتوچۆدا سوود بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت.