ئه‌گه‌ر حه‌زده‌كه‌ى بچیته دۆڵى هه‌ڵشۆ ئه‌م هه‌واڵه بخوێنه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
زیاتر له ساڵێكه، به هۆى رێگا سه‌ره‌كییه‌كانى ناو ناحیه‌ى هه‌ڵشۆ، گه‌شتیاران نه‌یانتوانیوه سه‌ردانى ناوچه گه‌شتیارییه‌كانى ئه‌و سنووره بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا شاره‌وانى ئه‌و ناحیه سه‌رقاڵى كۆنكرێتكردنى ئه‌و رێگایانه و دواى ته‌واوبونیان گه‌شتیاران ده‌توانن سه‌ردانى ئه‌و ناوچانه بكه‌ن.
ناحیه‌ى هه‌ڵشۆ ده‌كه‌وێته باكووری خۆرهه‌ڵاتی قه‌زای قه‌ڵادزێ و 13 كیلۆمه‌تر لێی دووره، نزیكه له سنووری ئێرانه‌وه.
ناوچه‌یه‌كی شاخاوییه، به چیا ده‌وره دراوه، رووبه‌ری سه‌رجه‌م ناحیه‌كه 600 كیلۆمه‌تر دووجایه ، 27 گوند له سنووره‌كه‌یه‌تى و ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ی به گشتی 9250 كه‌سه.
به‌ختیار ئه‌حمه‌د فه‌رخه، سه‌رۆكى شاره‌وانیى هه‌ڵشۆ، به 964ـى راگه‌یاند، ماوه‌یه‌كه خه‌ریكى جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌ى رێگاوبانه‌كانى ئه‌و ناحیه‌یه‌ن، وتیشی “پڕۆژه‌كه بریتییه له چاككردنه‌وه و بڕین و پڕكردنه‌وه و كۆنكرێتكردنى شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانى ناو ناحیه‌ى هه‌ڵشۆ، به‌شێكی زۆرى ته‌واو كراوه”.
به قسه‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانى، له‌ناو ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا كارى دروستكردنى ئاوه‌ڕۆش ئه‌نجام ده‌درێت و درێژیه‌كه‌شی یه‌ك كیلۆمه‌تره.
وتیشی “به ته‌واوبوونى ئه‌و پڕۆژه‌یه گه‌شتیاران ده‌توانن به ئاسانى سه‌ردانى ناوچه گه‌شتیارییه‌كانى دۆڵى هه‌ڵشۆ بكه‌ن.
وه‌ك ئەو پێشبینىی كرد، له ماوه‌ى دوو تا سێ مانگى دیکە ئه‌و پڕۆژه‌یه كۆتایی پێدێت.