کچە کوردەکان سێ میدالیای زێڕیان بۆ گۆڕەپان و مەیدانی عێراق بەدەستهێنا

964+

یادگار مەحمود

کچانی کورد لە پاڵەنیەتی رۆژئاوای ئاسیا بۆ گۆڕەپان و مەیدان سێ میدالیای زێڕ و چەند میدالیایەکی دیکەیان بەدەستهێنا.

لە پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدانی خۆرئاوای ئاسیا بۆ ئاستی هەڵبژاردەکان کە رکابەرییەکانی لە وڵاتی قەتەر بەرێوەدەچێت، هەڵبژاردەی عێراق بە هەردوو ئاستی کوڕان و کچان بەشداریان لە پاڵەوانیەتییەکەدا کردووە.

لەناو بەشداربووانی هەڵبژاردەکەش پێنج کچە پاڵەوانی کورد هەن، ئەوانیش مەریەم عەبدولحەمید، ئاسیا عەزیز، نەورۆز ئەحمەد، دڵسۆز عوبێد و کوردستان بەمۆ.

پاڵەوانیەتییەکە لەنێوان رۆژانی 26 تا 29 ـی ئەم مانگە بەرێوەچوو، تێیدا مەریەم عەبدولحەمید لە پێشبڕکێی بازی بەرز پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، ئاسیا عەزیز لە هەڵدانی رم توانی مەدالیای ئاڵتون دەستەبەربکات، نەورۆز ئەحمەد لە پێشبڕکێی سێ باز پلەی سێهەم و مەدالیای برۆنزی بەدەستهێنا و هەروەها لە پێشبڕکێی 100 مەتر بەربەستیش کوردستان بەمۆ پلەی دووەم و مەدالیای زیوی بردەوە و لە هەمان پێشبڕکێش دڵسۆز عوبێد پلەی سێهەم و مەدالیای برۆنزی مسۆگەرکرد.

هەروەها لە پێشبڕکێی 400 مەتر بەربەست، کوردستان بەمۆ پلەی یەکەم و مەدالیای ئاڵتونی دەستەبەرکرد، لە پێشبرکێی پۆستەی 400*4 مەتر، هەڵبژاردەی عێراق بەسەرکردایەتی کوردستان بەمۆ پلەی سێهەمیان بەدەستهێنا، دواجاریش لە پێشبڕکێی 100*4 مەتر پۆستە بە بەشداری هەریەک لە دڵسۆز عوبێد و کوردستان بەمۆ و دێرین بەختیار، هەڵبژاردەی عێراق پلەی سێهەمی بەدەستهێنا.

نزار ئەکرەم، راهێنەری یاری گۆرەپان و مەیدان لە لێدوانێکی تایبەت بە 964 وتی، ئەم پاڵەوانیەتییە یەکێک بوو لە پاڵەوانیەتییە بەهێزەکانی ئەمساڵ و پاڵەوانە کوردەکان ئاستێکی بەرزیان پیشاندا و ئەزمونێکی باشیشە بۆ ئەو پاڵەوانانە تاوەکو ئامادەکاری باش بکەن بۆ پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەب و ئاسیا.

دوای تەواوبوونی پاڵەوانیەتییەکەش، هەڵبژاردەی عێراق بە کۆی 19 مەدالیا کە 6ـیا ئاڵتونن پلەی سێهەمی پاڵەوانیەتییەکەی بەدەستهێنا.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق

پێداچوونەوە: فەرمان سادق