خوێندکارانی قۆناغی 12 لە کاتی تاقیکردنەوەی خولی یەکەمدا - وێنە: 964
ئەمڕۆ سەدان هەزار قوتابی تاقیکردنەوە دەکەن
964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
ئەمڕۆ شەممە 29.4.2023 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان و نیشتیمانی قوتابیانی قۆناغی نۆی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە 964ی وت، ئەمڕۆ لە سنوری 10 بەڕێوەبەرایەتی سەر بە پەروەردەی پارێزگای سلێمانی بە قەزا و ناحیەکانیەوە تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت کە 27 هەزار و 557 قوتابی پۆلی نۆی بنەڕەتی بەشدارن لە تاقیکردنەوە و 463 هۆڵ بۆ تاقیکردنەوە تەرخانکراون.
ئەوەشی راگەیاند، بڕی هەشت هەزار و 529 دینار بۆ تێچووی تاقیکردنەوەی هەر خوێندکارێک لە بودجەی فرۆشگای قوتابخانەکان تەرخانکراوە.
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی تر، 26 جۆر پرسیارهەن کە ناو و کۆدی قوتابیانی لەسەرە، پێشتر ئەمە نەبوو، تەنیا یەک جۆر پرسیار بوو.
وتیشی، “ئەمساڵ رێکاری باش و جدیمان گرتووەتە بەر جیهازی کەشفکردنمان دابینکردووە بۆ نەهێشتنی قۆپیە، ئەگەر هەر خوێندکارێک بە قۆپیەوە بگیرێت ئەو ساڵە لە خوێندن دادەبڕێت و بۆی ئەژمار ناکرێت، ئەگەر هەرمامۆستا و فەرمانبەرێک یان خەڵکێکی دەرەوە بێت غەشبکات بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی دەکرێت.
سەبارەت بە ئاماری گشتی تاقیکردنەوەکانی هەرێم بۆ قۆناغی نۆی بنەڕەتی مامۆستا نورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی تاقیکردنەوەکانی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، بۆ تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵی نۆی بنەرەتی 124 هەزار قوتابی لە دوو هەزار و 360 هۆڵ تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت، سەرجەمیشیان لە یەک کاتدا دەکرێت کە ماوەی دوو سەعات دەخایەنێت.