نامەیەک بۆ بەغدا نێردراوە
هەرێم بەدوای چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی مریشکەوەیە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم هەناردەی مریشکی هەرێم بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، هەرێم نامەیەک ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەکات.
لە ماوەی مانگی رابردوودا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کیلۆیەک مریشک بۆ 5000 هەزار دینار، هەرێم هەناردەی مریشکی راگرت، بەڵام لە ئێستادا دەستیپێکردووەتەوە.
تۆڕی 964 زانیویەتی، لە بازگەکانی نێوان هەرێم و پارێزگاکانی تری عێراق کێشە بۆ هەناردەی مریشک دروستدەکرێت.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم بە تۆڕی 964ی راگەیاند، تا ئێستا نەمانزانیوە کێشەی حکومەتی ناوەند بۆ هەناردەی مریشکی هەرێم چییە، بەڵام نامەیەکمان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە.
پێویستی ساڵانەی هەرێم بە گۆشتی مریشک 147 هەزار تۆنە، بەڵام لە ناوخۆدا توانای بەرهەمهێنانی 250 هەزار تۆن هەیە.
ئەو پرسە تازە نییە و ناوبەناو حکومەتی عێراق کێشە بۆ هەناردەی بەرهەمی مریشکی هەرێم دروستدەکات. ئەوەش وتەی فیراس سدیقە.