لە راپەڕین پشکنین بۆ پەردەی مێشکی پێنج منداڵ کرا

964+

مەجید بتوێنی-راپەرین

لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، لە دەڤەری راپەڕین پشکنینی هەوکردنی پەردەی مێشک بۆ پێنج منداڵ کراوە.

ئەو منداڵانەی گومانی هەبوونی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکیان هەبووە، چواریان لە قەڵادزێ و یەکێکیان لە رانیە بووە.

عوسمان ئەحمەد، بەرێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ بە 964ی راگەیاند، چوار لەو منداڵانەی پشکنینیان بۆ کراوە، بەهۆی بوونی نیشانەکانی نەخۆشیەکە لە نەخۆشخانە خەوێندران، ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوتووە، یەکێکیان گومانی هەبوونی نەخۆشیەکەی لێدەکرێت.

عوسمان ئەحمەد، ئەوەش دەڵێت، بڕیارە دووبارە پشکنین بۆ ئەو منداڵانە بکرێتەوە، هاوکات دایک و باوکی دوو لەو منداڵانە ئامادەنەبوون پشکنین بۆ منداڵەکانیان بکرێتەوە.

محەمەد سابیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی  ژنان و منداڵبوونی رانیە دەڵێت: لە نەخۆشخانەکەی ئێمە پشکنین بۆ منداڵێک کرا بەڵام دەرکەوت هەڵگری ئەو نەخۆشییە نییە، چارەسەری وەرگرتووە و رەوانەی ماڵەوە کراوە.

دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لە گەرمیان، هەڵەبجە و سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین ئامادەکاری کردووە بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە، ئەمەش بە وتەی بەرپرسانی کەرتی تەندروستی ئەو دەڤەرە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی