ئەوەی نەتبینیوە لە ژیانتدا لە نەخۆشخانەی ھیوا دەیبینیت

  964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لە بەشی منداڵانی نەخۆشخانەی ھیوادا چیرۆکی جۆراوجۆر بوونی ھەیە، لە زۆرێک لە حاڵەتەکانی نەخۆش کەوتنی منداڵاندا کێشە دەکەوێتە نێوان خێزانەکانەوە و ھەندێک جاریش کار دەگاتە جیا بوونەوە.

یەکێک لەو کەیسانەی ھەبووە لەناو نەخۆشخانەی ھیوادا، منداڵێکی پێنج ساڵان شێرپەنجەی مێشکی ھەبوو، دایک و باوکی جیا ببونەوە، منداڵەکە لە نێوان دایک و باوکیدا ببووە بە قوربانی، کەسیان نەیاندەگرتە خۆی.

لە کاتی چارەسەرەکاندا باپیری دەیھێنا، لەبەر زۆری تەمەنی نەیدەتوانی وەک پێویست ئاگاداری منداڵەکە بێت، جاریوەها هەبووە بە دوو مانگ درەنگ دەکەوت منداڵەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەرەکانی.

دکتۆر زەردەشت بەکر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجەی منداڵان بە تۆڕی 964ی وت، کاتێک منداڵەکە دەھێنرایەوە بۆچارەسەر کاتێکی زۆر بەسەر ماکەکانی چارەسەرەکانی پێشوویدا تێپەڕی بوو، ھەر بۆیە منداڵەکە گیانی لە دەستدا.

کەیسە خێزانیەکان زۆرن لە بەشی منداڵانی نەخۆشخانەی ھیوا، رۆژانە بەر یەک کەوتن ھەیە لەگەڵ ئەو جۆرە کەیسانەدا، بەشێوەیەک دایک و باوک ھەیە لەسەر ئەوەی منداڵەکەیان توشی شێرپەنجە بووە لە یەک جیا بوونەتەوە.