راهێنه‌رانی كوردستان له فه‌ره‌نسا ئاستی خۆیان به‌ره‌وپێش ده‌به‌ن
+964
مه‌ریه‌م ئه‌حمه‌د و ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا – هه‌ولێر
خولێكی پێشخستنی ئاستی راهێنه‌رانی تۆپی پێی ئافرەتان له هه‌ولێر كۆتایی هات، بڕیاروایه ژماره‌یه‌ك لەو راهێنەرانە خولێكی تری پێشخستن له فه‌ره‌نسا ببینن.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ٢١ی تشرینی دووه‌م، خولی پێشخستنی راهێنه‌رانی تۆپی پێی ئافره‌تان له هه‌ولێر كۆتایی هات، كه چوار رۆژی خایاند.
خوله‌كه له لایه‌ن به‌شی په‌ره‌پێدان له فیدراسیۆنی تۆپی پێی فه‌ره‌نسا، به هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی وه‌رزشی كوردستان و یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
ئیدریس محه‌مه‌د، هه‌ماهه‌نگكاری خوله‌كه له بەڕێوەبەراتیی گشتی وەرزش به 964ی وت، خوله‌كه به هاوكاری یەكێتیی تۆپی پێی فەرەنسا و به چاودێریی جێگری كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر به‌ڕێوه‌چووە، ٢٠ راهێنه‌ر له شاره‌كانی كوردستانه‌وه به‌شداربوون، كه نۆ ژن و ١١ پیاو بوون.
ئاشكراشیكرد، ئه‌م خوله درێژه‌ی ده‌بێت و لە مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو كۆمەڵێك راهێنەر بانگهێشتی فه‌ره‌نسا ده‌كرێن و خولێكی تر له فه‌ره‌نسا ده‌بینن، كه بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت.
یه‌كێك له به‌شداربووانی خوله‌كه زینە جەماله، كه یاریزانی پێشووی تۆپی پێیه و ئێستا راهێنه‌ره.
زینه بۆ 964+ باسی لەوەکرد، له خولەكه‌دا راوبۆچوونی راهێنەرانی كورد و فەرەنسی ئاڵوگۆڕكرا، “ئێمە توانیمان سوود لە راهێنەرانی فەرەنسی و كوردیش وەربگرین تاوەكو بتوانین وەرزش و تۆپی پێی ئافرەتان لە كوردستان بەرەو پێش ببەین”.
له خوله‌كه‌دا، كه به شێوازی تیۆری و پراكتیكی له باره‌گای یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، دوو راهێنه‌ری فه‌ره‌نسی وانه‌كانیان پێشكه‌ش كرد، ئه‌وانیش “رودۆلف ریچارد و لۆدۆڤیك جان كلود” بوون.
له هاوینی رابردوو به پاڵپشتیی كونسڵخانه‌ی فه‌ره‌نسا له هه‌ولێر تیمێك له ده‌سته‌ی په‌ره‌پێدان له فیدراسیۆنی تۆپی پێی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی وه‌رزش و یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان رێككه‌وتن، كه له رێگه‌ی چه‌ند خولێكه‌وه په‌ره به ئاستی راهێنه‌رانی تۆپی پێی ژنان له كوردستان بده‌ن.