له ‌نزیك ماڵێكى پێنجوێن و ئاواییه‌كانى سه‌رسه‌نگ ته‌قه‌مه‌نى دۆزرایه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ نزیك ماڵێكى قه‌زاى پێنجوێن و ئاواییه‌كانى نزیك سه‌رسه‌نگ، چه‌ند ته‌قه‌مه‌نییه‌ك دۆزرانه‌وه‌ و ده‌زگاى مینیش ده‌ڵێت، ده‌ركه‌وتنى مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان به‌هۆى گۆڕانى كه‌شوهه‌وایه‌ و مه‌ترسیان له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه‌.

هاوڵاتییه‌كى پێنجوین په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌ى گه‌رمى 182 ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت، گولـله‌ هاوه‌نێكی نه‌ته‌قیو له‌نزیك ماڵه‌كه‌یان كه‌وتووه‌..

كارمه‌ندانى ئاسایشی سه‌رسه‌نگیش له‌ سنوورى دهۆك، په‌یوه‌ندی به‌ ده‌زگاى مینه‌وه‌ ده‌كه‌ن و له‌ بوونى چه‌ند ته‌قه‌مه‌نییه‌ك ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌ پێی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوانه‌ى  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى مین له‌ دهۆك و سلێمانى بڵاویانكردووەته‌وه‌، ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ى له‌ سنووره‌كانى پێنجوێن و سه‌رسه‌نگ دۆزراونه‌ته‌وه،‌ بریتیبوونه‌ له‌ چه‌ند گولـلەهاونێکى 120 ملیم و 130 ملیم و چه‌ند دانه‌یه‌كیشیان 82 ملیم بوونه‌.

عه‌لى حه‌مه‌ده‌مین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌كنیكی لە ده‌زگاى مین له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ 964ـى راگه‌یاند، “مه‌ترسى مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان بوونى هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌و باران و لافاوه‌ى كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا ناوچه‌كانى گرتبووه‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له‌ هه‌ردوو ئه‌و شوێنه‌ى ئاماژه‌یان پێكراوه‌ له‌ سنوورى دهۆك و سلێمانى، ته‌قه‌مه‌نییه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان له‌ شوێنانه‌ دوور خراونه‌ته‌وه‌ و له‌ناو براون.