منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ لە سلێمانی گیانی لەدەست دا

964+
ئەحمەد مستەفا

منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ کە دانیشتووی گوندی سەراوی سوبحان ئاغایە لە سەیدسادق، نەخۆش بووە و بەر لە گەیشتنی بە نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی گیانی لەدەست دا.

دکتۆرێکی پسپۆڕ رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە ڤایرۆسی هەوکردنی مێشکەوە هەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 24.4.2023، دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی، بە تۆڕی 964ی وت، “پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە، منداڵەكە گیانی لەدەستداوە، ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەی وردی بابەتەکەین، كە دەرکەوتووە سکچوون و رشانەوە و وشکبوونەوەیەکی توندی ھەبووە”.

ئەو رەتیکردەوە، ئەو منداڵە بەھۆی ڤایرۆسی ھەوکردنی مێشکەوە گیانی لەدەستدابێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئەوەشی وت، “رێنمایی دایک و باوکان دەکەم خۆپارێزی تەواوی بۆ منداڵەکانیان پەیڕەوبکەن، کاتێک منداڵێک تای ھەیە دەبێت چارەسەر وەربگرێت و تێکەڵی منداڵانی دیکە نەکرێت”.

بەگوێرەی زانیارییە پزیشکییەکان، هەوکردنی پەردەی مێشک بریتیە لە هەوکردنی پەردەی دەوری مێشک و دڕکەپەتک.

دەکرێت هۆکارەکانی ئەو نەخۆشییە هەریەک لە بەکتریا، ڤایرۆس، شێرپەنجە، دەرمان یان پاڕاسایت بێت.

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا پێشتر لە پۆستێکی فەیسبووکدا نیشانەکانی وەکو ئەوەی خوارەوە باسکردبوو:

بۆ منداڵی بچووکتر لە سێ مانگ:
1. شیرخواردنی کەم دەبێتەوە.
2. رشانەوە.
3. بێزاری و ئیزعاج بوون.
4- تای بەرز.
5- گەشکە.
6- لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت.
7- لەشی نەرم دەبێت واتە بێهێز .
8- شەکرەی خوێنی دابەزێت.
9- ئەو بەشەی لە کەلەی سەردا مەڵاشووی پێدەڵێن بەرەو دەرەوە دەردەچێت.

نیشانەکانی لە منداڵی گەورەتر لە یەک ساڵ:
1- رشانەوە و دڵ تێکهەڵاتن.
2- سەرئێشە.
3- هەستیاری بە رووناکی زیاد دەکات، واتە بە رووناکی ئیزعاج دەبێت.
4- تای بەرز.
5- هۆشی منداڵەکە تێکدەچێت.
6- بێ تاقەتی و ئیزعاجبوون.
7- لەوانەیە گەشکە لێیبدات.
8- ملی رەق دەبێت.