سەگە بێلانەكانی هەولێر چیتر بێلانە نابن
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
لە هەولێر شەڵتەرێكی تایبەت بە كۆكردنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر دروست دەكرێت،پڕۆژەكە ٤٠٠ ملیۆن دیناری پێویستە.
نەبەز عەبدول حەمید قایمقامی هەولێر بە +964ی راگەیاند: ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەن شەڵتەرێكی گەورە لە سەر رێگەی كوێر دروست بكەن بەشێوازێكی ستاندار و جیهانی و لەسەر رێنماییەكانی رێكخراوەكانی تایبەت بە مافەكانی ئاژەڵان و لە پاش تەواوكردنی ئەو شەڵتەرە هەموو سەگە بێلانەكان كۆدەرێنەوە دەخرێنە ناو شەڵتەرەكە.
شەڵتەرەكە ١٢ دۆنمە، هەموو پێداویستیەكانی ئاژەڵانی تێدایە، لەسەر رێگەی گوێر دروست دەكرێت و تیمی تایبەتی بیانی و ناوخۆی سەرپەرشتی دەكەن،لەرێگەی چەند رێكخراوێكی نێوخۆی و بیانییەوە كارەكانی شەڵتەرەكە جێبەجێ دەكرێت و بۆ ئەو مەستەش ٤٠٠ ملیۆن دینارمان پێویستە تا بتوانین بە شێوەیەكی ستانداری جیهانی كارەكە بكەین، قائیمقامی هەولێر وای وت.
دلێر حسێن ئەندایم ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە+964ی وت: لە ماوە رابردوودا هەولێكی گەورە هەبوو بۆ ئەوەی سەگەبڵانەكان كۆبكرێنەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانی ئەو كارەبكەین و ئێستاش كار لەسەر ئەوە دەكرێت شەڵتەرێكی گەورە دروست بكرێت.
لەسەردەمی فرسەت سۆفی پارێزگاری پێشوی هەولێر وا بڕیاربوو بە هاوكاری رێكخراوێكی ئەمریكی شەڵتەرەكە دروست بكرێت بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بوودجەوە كارەكانی شەڵتەرەكە راگیرا و نەتوانرا كارەكانی تەواو بكرێت، دلێر حسێن وای بە +964وت.
سەگی بێلانە لە ناو پارێزگای هەولێر تارادەیەك مەترسیان دروست كردووە ئەوەندەی من بزانم زیاتر لە ٢٠ هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر هەیە و ئەگەر رێگریان لێنەكرێت پێدەچێت زیاتریش ببن و مەترسی گەورە بۆ سەر هاووڵاتیان دروست بكەن، دلێر حسێن ئاوا قسەی بۆ ئێمە كرد.