سیدەکان مه‌ترسیدارترین ناوچه‌ى مین و ته‌قه‌مه‌نییە

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ده‌زگاى كاروبارى مین، سنوورى قه‌زاى سیده‌كان وه‌ك یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین شوێن بۆ بوونى مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان ناوزەد دەکات و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو،  “ترسناكى ئه‌و سنووره‌ له‌وه‌دایه‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌كان به‌هۆى بارانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتوون و شوێنێكی دیاریكراویان نییه‌”.

دواى ئه‌و بارانه‌ به‌خوڕ و لافاوه‌ى، كه‌ به‌شێكی  ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستانى گرته‌وه‌، سنوورى سیده‌كان له‌ چاو زۆربه‌ى ناوچه‌كان ئه‌و باران و لافاوه‌ى رووبه‌ڕوو بووه‌وه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى مین و ته‌قه‌مه‌نى له‌ شوێنى جیاجیاى سنووره‌كه‌ ده‌ركه‌وتن.

به‌ پێی زانیارییه‌كانى 964، له‌ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى رابردووشدا ژماره‌یه‌كی زۆرى ته‌قه‌مه‌نى ده‌ركه‌وتوونه‌ و مه‌ترسیان له‌سه‌ر ژیانى خه‌ڵك دروستكردووه‌.

عه‌لى حه‌مه‌ده‌مین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كاروبارى ته‌كنیكی له‌ ده‌زگاى مین به‌ 964ـى راگه‌یاند، دواى ده‌ركه‌وتنى مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان به‌هۆى باران و لافاوه‌وه‌، به‌رده‌وام تیمه‌كانمان چاودێری بارودۆخى ئه‌و سنووره‌ له‌ سیده‌كان ده‌كه‌ن، وتیشی “دوو تیمی تایبه‌ت یه‌كه‌میان له‌ سیده‌كان و  دووه‌میشیان له‌ مێرگه‌سوور دروستكراون و له‌و سنوورانه‌دا كارده‌كه‌ن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌وان نزیكه‌ى 35 تیمیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى پێداویستییه‌كانى گواستنه‌وه‌، ته‌نیا توانیویانه‌ 10 له‌و تیمانه‌ بخه‌نه‌كار.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌كنیكی ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌، له‌ 4.4.2023 په‌یامى رێنمایی و هۆشیارییان بۆ نزیكه‌ى دوو ملیۆن كه‌س ناردووه‌، كه‌ به‌ ئاگایی و وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌ویانه‌ بكه‌ن، چونكه‌ ده‌ڵێت “گومان هه‌یه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ى زه‌ویه‌كانى سنوورى سیده‌كان مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان  ده‌ركه‌وتبن”.

به‌ قسه‌ى ئەو زۆربه‌ى ئه‌و مین و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ى له‌ سنوورى سیده‌كان ده‌ركه‌وتوون، بۆ سه‌رده‌مى شه‌ڕى نێوان عێراق و ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

هاوڵاتیانى سیده‌كانیش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى سنووره‌كه‌یان، داواكارییان ئاڕاسته‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌، كه‌ له‌ چه‌ند گوندێكی ئه‌م سنووره‌ ته‌قەمه‌نى و گولـه‌ هاوه‌ن دۆزراونه‌ته‌وه‌، داواشیان كردووه‌ به‌ هانایانه‌وه‌ بچن بۆ له‌ناوبردنى ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌.