لە شنگال رووفاتی نێو ٧ گۆڕی بەکۆمەڵ دەردەهێندرێن

رووفاتی کوردانی ئێزدی لە شنگال ناناسرێنەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

شەشەم قۆناغی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سنووری قەزای شنگال دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی ١٠ رۆژدا حەوت گۆڕ لە کۆمەڵگای گرزەرک هەڵبدرێنەوە.

رووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کۆمەڵگەی گرزەرک کوردانی ئێزدین و لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکراون.

تیمەکانی دەزگای شەهیدانی حکومەتی عێراق لە رۆژی شەممەوە دەستیانکردووە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کۆمەڵگای گرزەرک و بڕیارە رۆژانە ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر کار بکەن بۆ دەرهێنانی رووفاتەکان.

تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕەکان کە لە ١٠ کەس پێکهاتوون، تا ئێستا دوو گۆڕیان هەڵداوەتەوە.

پێشبینی دەکرێت نزیکەی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ رووفات لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گرزەرک هەبن و لە ماوەی دوو رۆژدا نزیکەی نزیکەی ٣٠ رووفات دۆزراونەتەوە.

تا ئێستا لە شنگال رووفاتی نزیکەی ٥٠٠ کوردی ئێزدی دۆزراونەتەوە و هەموویان رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا ١٦٢ قوربانی ناسراونەتەوە و رادەستی کەسوکاریان کراون.

ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە لە شنگال دۆزراونەتەوە ژمارەیان ٧٨ گۆڕی بەکۆمەڵە و تا ئێستا ٣٤ گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.