لە پەلکانە شەڕ بووە و بریندار هەیە

964+
کاروان ساڵحی

لە گوندی پەلکانەی پارێزگای کەرکوک، شەڕ لەنێوان دانیشتووانی کورد و عەرەب دروستبووە و ژمارەیەک کەس لە هەردوولا بریندارن.

كاتژمێر 4:30 ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21.4.2023 ژمارەیەک عەرەبی هاوردە مەڕ و ماڵاتەکەیان بە مەبەستی لەوەڕاندن دەبەنە نێو گوندی پەلکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە باشوری کەرکوک، بەهۆی ئەوەوە رووبەڕووبونەوە دروستبووە و ژمارەیەک کەس لە هەردوولا بریندار بوون.

عەلی رەحمان، ئەنجومەنی گوندی پەلکانە بە تۆڕی 964ی وت، دوای نوێژی عەسر پێنج شوانکاری عەرەب مەڕ و ماڵاتەکەیان دەبەنە نێو گوندەکە بۆ لەوەڕاندن دانیشتوانی گوندەکەش رێگرییان کردووە و شەڕەکە لەوەوە سەریهەڵدا و 10 کەسیش لە هەردوولا بریندار بوون، لە ئێستادا هەردوولا سکاڵایان لە دژی یەکتر تۆمارکردووە، هیچ کەسێکیش دەستگیرنەکراوە.

هەرێم حسێن دانیشتووی گوندی پەلکانە بە 964ی وت، “لە ماڵەوە دانیشتبووم کاتێک گوێم لە دەنگەدەنگی شەڕەکە بوو خۆم گەیاندە دەرەوە بۆ پاڵپشتی لە کوردانی دانیشتووی گوندەکە، بەڵام پێش وەختە ئەوان ئامادەکارییان کردبوو ژمارەیەک عەرەبی زۆری دانیشتووی قەزای دوبزیان لەگەڵ خۆیان هێنا بوو”.

شێخ ئەحمەد غەزال شەمەری شێخی عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە بۆ 964ی باسکرد، “ئەوەی ئەمڕۆ روویدا سەرەتا هەرزەکارێکی شوانکاری ئێمە تەمەن 11 ساڵ بە مەبەستی لەوەڕاندنی ئاژەڵ چووبووە نێو گوندەکە، بەڵام لە لایەن برا کوردەکانەوە هێرشدەکرێتە سەری و لێیدەدرێت، ئیتر هەرکەسە و پەیوەندی بە کەس و کاری خۆیەوە دەکات و شەڕەکە گەورە دەبێت”.

گوندەکانی سنوری ناحیەی سەرگەڕان بەهۆی فراوانی ناوچەکە چەند جارێک چەکدارانی رێکخراوی داعش هێرشیان کردووەتە سەری، دوایینیان هێرشەکەی سەر گوندی خدر جیجە.

ناحیەی سەرگەڕان پێکهاتووە لە 42 گوند کە تەنیا دوو لەو گوندانە دانیشتوانەکەی لە نەتەوەی عەرەبن، دەکەوێتە رۆژئاوای شاری کەرکوک، ئەو گوندانە دەکەونە ناوچەی مادەی 140ی دەستوری عێراق و لە ناوچە جێناکۆکەکانە، لە رووی ئەمنیەوە پۆلیسی کەرکوک سەرپەرشتی دەکات.