بەرگری شارستانی: ناچارین دوو خانووی دیکە لە کازیوە بڕوخێنین

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەهۆی تەقینەوەکەی رۆژی پێنجشەممە لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، خانووی دوو دراوسێی ماڵباتی حاجی مەزھەر سیرێی زیانی زۆریان بەرکەوتووە، بەرگری شارستانی سلێمانی دەڵێت ناچارین بیانڕوخێنین.

رێکان جەمال، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە 964+ـی وت، دوو خانووی نزیک ماڵە داروخاوەکەی گەرەکی کازیوەی دوو بەهۆی تەقینەوەکە زیانی زۆریان بەرکەوتووەو “ناگونجێن بۆ ژیانکردن” و دەبێت بڕوخێندرێن. ئەو دوو خانووە لە پشت و تەنیشت ماڵە داروخاوەکەوەن.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ١٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بەھۆی تەقینەوەی تانکی غاز لەناو ماڵی حاجی مەزهەر، ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢ کەسیش بەھەمان ھۆکار برینداربوون.

لیژنەی لێکۆڵینەوە لەهۆکاری تەقینەوەکە وتەی لە شاھێدحاڵەکان وەرگرتووە و چەند دیکۆمێنتێکیان ھەڵگرتۆتەوە، دیارترینیان گێچی تانکی گازی ماڵەكە بووە.

رێکان جەمال، دەڵێت “بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان و وتەی شاھێدحاڵەکان، تەقینەوەکە بەھۆی کۆبوونەوەی غازەوە بووە لە یەک لینکی سیستمی گازی شۆڤاژەکەدا لە قاتی زەمینی ماڵە داروخاوەکە”.

“ئێمە گریمانەی ئەوە دەکەین، کتوپڕ شۆڕتێک روویدابێت، ئایا وەستاکە بووبێت، منداڵێک بووبێت، یانیش تەباخێک داگیرسابێت یاخود ئاگر لە ماڵەکەدا ھەبووبێت، ئەوەش ھۆکاری سەرەکی رووداوەکە بووە، بەدوای ساغبوونەوەی ئەم ئەگەرانەوەیەن،” رێکان جەمال وای وت.

لیژنەی لێکۆڵینەوە تائێستا نەگەیشتووە بە دەرئەنجامی کۆتایی دەربارەی کۆی زیانە مادییەکان، وتەبێژی بەرگری شارستانی دەڵێت، “زیان و کاریگەری تەقینەوەکە بەشێوەیەکە کە تا چەند رۆژێکی دیکەیان دەوێت بگەن بە وردەکاری زیاتر و ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتاییان لە بارەی دانانی گریمانەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و زیانە ماددییەکان”.