دوای زیاتر لە پێنج ساڵ

قایمقامی شەنگال بەوەکالەت دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند

964+

عەمار عەزیز-دهۆک

دوای زیاتر لە پێنج ساڵ، قایمقامی قەزای شەنگال بە وەکالەت، دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند.

ئەمڕۆ 20.4.2023 فەهد حامد، قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت ئەو هەواڵەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە.

فەهد حامد، لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتوبەری 2017 لەلایەن هێزە باڵادەستەکانی شەنگال وەک قایمقام بە وەکالەت دانرا، بەڵام ئەو دەستەیەی بەر لە 16ی ئۆکتۆبەر شەنگالی بەڕێوە دەبرد هێشتا لە قەزای سێمێل دەوام دەکەن.

فەهد حامد، قایمقامی دەست لەکارکێشاوەی شنگال بە 964ی وت “من دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەش کردووە، لەمەوبەدوا کەسێکی ئاساییم، پێنج ساڵ و نیوە بە خۆبەخشی خزمەتی ناوچەکەمم کردووە”.

لەبارەی هۆکارەکانی دەست لەکارکێشانەوەی، فەهد حامد دەڵێت “لە هیچ شوێنێکی عێراق نییە قەزایەک دوو قایمقامی هەبێت، لەدوای 2014 -وە تا ئێستا حکومەتی عیراق و هەرێم نەیانتوانیوە لەسەر دانانی قایمقامێک رێکبکەون، دەیانجار داوامانکردوە شنگال ئاوەدانبکرێتەوە بەڵام بێسوود بووە”.

964 زانیویەتی، هێشتا هیچ کەسێک بۆ پۆستی قایمقامی شەنگال بەوەکالەت دیارینەکراوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی