بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و دواتریش بڕیاری دوورخستەنوەی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دهۆکی دەرکرد.

ئەمرۆ دووشەممە 17.4.2023، ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، یەکێک لە بڕگەکانیش خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچوون بوو لەسەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دهۆک.

لە راپۆرتەکەدا لیژنەکەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێت: دوای بەدواداچونێکی ورد گەیشتینە ئەو ئەنجامەی هەندێک کەس شوێنی گەشتیارییان هەیە و موڵەتیان وەرنەگرتووە، دووەم ئەو لیژنانەی سەردانی شوێنە گەشتیارەکان دەکەن بۆ هەندێکیان زۆر توندن و بۆ هەندێکی تریش هیچ قسە ناکەن”.

زیاتریش هاتووە کە ژمارەیەک “فەرمانبەر هەر دەوام ناکەن، لەهەمووشی خراپتر فەرمانبەرانی ناو بەرێوەبەرایەتی گەشتوگواز بوونەتە دوو بەرە، ئەوانەی نزیکن لە بەرێوبەر بێ کێشەن و ئەوانەشی لەبەرەی بەڕێوەبەر نین هەموو کات کێشەیان هەیە، هەر ئەوەش وایکردووە مامەڵەی هاوڵاتیان بەرێ نەکرێن”.

لە کۆبوونەوەکەی خۆیدا ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە 26 دەنگ، دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دهۆکی پەسند کرد.

بەپێی یاسای ئەنجومەن ئەم پێشنیارە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت، ئەگەر ئەوانیش رازی بوون ئەوا ئەوکات ئەو بەڕێوەبەرە لادەدرێت و کەسێکی تر لە شوێنەکەی دادەنرێت.

عەبدولسەمەد تێلی، ئەندامی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک و ئەنجدامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری دهۆک بە 964ی وت “پێنج مانگە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لیژنەیەکی لەسەر کێشەکانی ناو بەرێوبەرایەتی گەشتوگوزاری دهۆک پێکهێناوە، گەیشتین بەوە کە بەڕەڵایەکی زۆر گەورە هەیە، مامەڵەی هاوڵاتیان 30 بۆ 40 رۆژ دەمێنێتەوە، خەڵک بەردەوام تەلەفونمان بۆ دەکەن.

زیاتر دەشڵێت: لەسەر ئەم پرسەیە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک کۆبووەوە و بە دەنگی 26 ئەندام بڕیاری لادانی بەرێوەبەری گشتی گەشتوگۆزاری دهۆکی پەسەند کرد.

پیداچوونەوە: فەرمان سادق