نۆرینگەی پزیشکی ئێواران له‌ كفرى ده‌كرێته‌وه‌

964+

هونەر فارس – کفری

نۆرینگەی راوێژکاری ئێواران لە نێو نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری دەکرێتەوە، بە قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش، سوود بە کەرتی تەندروستی کفری دەگەیەنێت.

وه‌ك 964 زانیویه‌تى، نۆرینگەی ئێواران لە دوای دەوامی بەیانیان لە نێو نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی دەستپێدەکات و خزمەتگوزاری پزیشکی، تاقیگە و تیشک و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی تەندروستی لەخۆ دەگرێت و بۆ بینینی هەر نەخۆشێکیش سێ هەزار وەردەگیرێت،  داهاتی نۆرینگەکەش بۆ خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکە خەرج دەکرێت.

سامان سەرتیپ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەى شەهید خالید گەرمیانی بە 964ـى وت، “ئامانجمان جیاکردنەوەی حاڵەتی ساردە لە حاڵەتی کتوپڕ، لە داهاتووشدا نیازی فراوانکردنی نۆرینگەکەمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتر بەو نەخۆشانە بکەین سەردانمان دەکەن”.

به‌ پێی زانیاریه‌كانى 964، دانانی نۆرینگەی پزیشکی لە نەخۆشخانەی شەهید خالید لە کاتێکدایە، کەرتی تەندروستی لە گەرمیان لە دۆخێکی خراپدایە و نزیکەی مانگێکە ئەو کەرتە بێ کارگوزارە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن