داعش لەسەر رێگای سلێمانییە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

جەستەی چوار سەربازی عێراقی بە شێوێندراوی دۆزراوەتەوە لە بنکەیەکی بچوک لە گوندی چیمەنی کەرکوک، شوێنی رووداوەکە کەمتر لە ١٠٠ مەتر دوورە لە رێگای سەرەکی کەرکوک – سلێمانی، بە سۆراغی 964+.

رووداوەکە درەنگانی شەوی هەینی لەسەر شەممە روویداوە.

بنکەکە تەنیا ئەو چوار سەربازەی تێدا بووە، دوای کوشتنیان، جەستەیان شێوێندراوە و کەلوپەلەکانیان بردرداوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لەناو پۆلیسی کەرکوک بە 964+ی وت، ئەوان دڵنیابوونەتەوە لەوەی کاری گروپەکانی داعش بووە، لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی بەڵگەن.

وتیشی، پێشتر تێبینی هاتوچۆی گروپە چەکدارەکان کراوە لەو ناوچانە.

فیراس کەزوم، عامر ناسر، ئەحمەد کازم و سەفا عەلی ناوی سەربازە کوژراوەکانن، سەر بە فەوجی یەکی لیوای ٣١ـی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق بوون.

پەیامنێری 964+ چووەتە نزیک شوێنی رووداوەکە، زانیویەتی دووری ئەو بنکەیە ٥٠ تاوەکو ٧٠ مەتر دوورە لە رێگای سەرەکی نێوان سلێمانی و کەرکوک، کە رێی هاتوچۆی رۆژانەی هەزاران کەسە.

هاوڵاتیەک کە نەیویست ناوی بنوسرێت، باخەکەی دەکەوێتە دەوروبەری بنکە سەربازییەکە، بە 964+ی راگەیاند، ئەو شەوە گوێیان لە دەنگی تەقەکردن نەبووە.

بەگوێرەی قسەی سەرچاوەکەی پۆلیس، لە ساڵی ٢٠١٧ تاوەکو ئێستا رووداوی هاوشێوە لە نزیکی ئەو رێگا سەرەکییە رووینەداوە، جگە لە دوو بۆ سێ جار تەقەکردن لە هەمەری سەربازی.