لە سلێمانی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل دەستی بەسەردا گیرا

964+

توانا نەقی

دوای ئەوەی هاوڵاتیان نیگەرانی و سکاڵایان لە دژی ئەو ئۆتۆمبێلانەی سەرپێچی و پێشبڕکێ دەکەن گەیاندە پۆلیس، دەست بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا گیرا.

پۆلیسی سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، دوابەدوای ئەو سکاڵایانەی گەشتووەتە لایان، دەستیان بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆبێلدا گرتووە.

دەست بەسەردا گرتنەکەش لەسەر دیاردەی پێشبڕکێی شۆفێران و دروستکردنی مەترسی و بێزارکردنی هاوڵاتیان بووە.

لە بڵاوکراوەکەشدا ئەوە هاتووە، لە ماوەی پێنج رۆژدا لە لایەن مەفرەزە هاوبەشاکانی هاوتوچۆی سلێمانیەوە توانراوە دەست بگیرێت بەسەر 15 ئۆتۆمبێلی هەمەجۆر کە شۆفێرەکانیان سەرقاڵی ئەو سەرپێچی و دیاردەیە بوون.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلانە لە گەراجی دەست بەسەرداگرتنن و شۆفێرەکانیان رووبەرووی یاسا دەکەنەوە.