داواکاری گشتی لەسەر كەیسی لێدانی پارێزەرەكە هاتەسەرخەت

964+

فەرهاد حەسەن

داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان، لەسەر كەیسی لێدان لە پارێزەكەی هەولێر هاتەسەر خەت و داوادەكات هەرچی زووە تۆمەتباران دەستگیربكرێن و بە سزای خۆیان بگەن.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، ئەمڕۆ 15.4.2023، كاوە فەتحی مەعسوم سەرۆكی داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر، سەردانی پارێزەر محەمەد یابە سۆفی كردووە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوە، كە وێنەیەكی دەست 964 كەوتوە، سەرۆكی داواكاری گشتی، داوای لە دادوەری لێکۆلینەوە و دادوەری داواکاری گشتی تایبەتمەند كردووە، کە بەزوترین کات ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە سزای خۆیان وەرگرن و لێکۆلینەوە تەواو بکرێت، بۆ ئەوەی رەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێت و سزای یاسایی خۆیان وەرگرن .

ئاماژە بەوەشكراوە، كە سەرۆكی داواكاری گشتی، پەیوەندی بە بەرێوەبەری ئاسایش و بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر و دادوەری لێکۆلینەوە کردووە، بۆ بەدواداچوونی ئەو کەیسە، کە هەندێك لە هێرشکەرەکان دەستگیرکراون و هەندێکی تر ماون و هەوڵ بەردەوامە بۆ گرتنیان.

پارێزەر محەمەد یابە سۆفی، رۆژی هەینی 14.4.2023 لە لایەن چەند کەسێکەوە هێرشی کرایە سەر و ئازا و ئەشكەنجەدرا بوو، بۆ چارەسەركردنیش رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر كراوە.