له‌رێگه‌ى دروستكردنى رێكخراوێكه‌وه‌

ده‌یه‌وێت وره‌ به‌ نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌ ببه‌خشێت

964+
شلێر سەعید – كۆیە

مامۆستایه‌كى زانكو، ماوەی پێنج ساڵە توشبووی نەخۆشی شێرپەنجەیە، خۆى ده‌ڵێت، وره‌ى بۆخۆى دروستكردووه‌، ده‌شیه‌وێت وره‌ نه‌خۆشانى تریش دروست بكات و شێرپه‌نجه‌ تێبپه‌ڕێنن.

دكتۆر قارەمان شێخ بزێنی، كه‌ یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆی كۆیه‌یه‌ بۆ كاروباری خوێندكاران، به‌ 964ـى وت “دەمەوێت یارمەتی لە رووی دەروونی و بەرەنگاربونەوەی نەخۆشیەکەوە بده‌مە نەخۆشانى شێرپه‌نجه‌”.

ناوبراو، كه‌ هێشتا بۆخۆی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە وەردەگرێت، بەڵام رێكخراویكی دامەزراندووە و ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ وره‌ بداته‌ به‌ر.

نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌، چونكه‌ ده‌ڵێت “ئەوانەی توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن سەره‌تا پێویستە جێگیربن و دانبەخۆیاندا بگرن، ئینجا بەرەنگاری نەخۆشیەكە ببنەوە”.
وتیشی “زۆربەی ئه‌وانه‌ى پێیانوایە شێرپەنجە پەیامی مردنی پێیە، هه‌ڵه‌ن، چونكه‌ دەكرێت بەشێكی زۆری توشبوانی شێرپەنجە چاببنەوە”.

“پێویستە واقیعى توشبوونمان به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ قبوڵبكەین، ئەوەش راماندەهێتێت تا بەرەنگاری نەخۆشیەكە ببینەوە” د. قاره‌مان واى وت.

به‌قسه‌ى ناوبراو، ده‌یانه‌وێت لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە تایبەت دەزگاكانی راگەیاندن و راهینانی دەروونی بۆ نەخۆشەكان بكەن تا لە ژینگەیەكی لەباردابن بۆ چارەسەری تەندروستی و پزیشكان بتوانن بە باشی كاری خۆیان بكەن.

وتیشی “كارەكانمان لە كۆیەوە دەستپێكردووە بە سەردانیكردنی بەشێك لە نەخۆشەكان و بانگهێشتكردنیان بكرێن بۆ شوینی مەبەست بە هاوكاری بەشی كلینیك سایكۆلۆجی زانكۆی كۆیە، ده‌شڵێت “دمانه‌وێت كاره‌كانمان فراوانتر بكه‌ین و ته‌نها له‌ سنوورى كۆیه‌ نه‌مێنینه‌وه‌”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق