لە ١٠ مانگدا ٣٢ ئۆتۆمبێل لە هەولێر دزراوە

+964
هەژار ئەنوەر – هەولێر


لە ١٠ مانگی رابردوودا تا ئێستا ٣٢ ئۆتۆمبێل لە هەولێر دزراون، پۆلیس دەڵێ، ٣٠ ئۆتۆمبێل بۆ خاوەنەکانیان گەڕاوەتەوە، یەکێکیش لەوانەی دەستگیر کراوە، هەفتەیەک بوو لە چاکسازی ئازاد کرابوو، ئۆتۆمبێلی دزی و گیرایەوە.


هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە 964ی راگەیاند كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەم هەفتەیە ٣٢ ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر دزراون، لەم هەفتەیەش دوو تۆمەتبار كە خەڵكی هەولێرن، دەستگركراون كە شەش ئۆتۆمبێلیان دزی بوو.
دزینی ئۆتۆمبێل لە هەولێر بەجۆرێک زیادی کردووە نزیک بووەتەوە لە دیاردە، وتەبێژی پۆلیسیش دەڵێ، تەنیا دوو كەیس ماوە كۆتاییان پێ بێت.


وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، باس لە یەکێک لەو تۆمەتبارانە دەکات کە دوای هەفتەیەک ئازادبوونی لە چاکسازی گەورانی هەولێر، دووبارە دەستگیر کرایەوە لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل.


هۆگر عەزیز وتیشی “تا ئێستا توانیومانە ٣٠ كەیس لەو ٣٢ کەیسی دزینی ئۆتۆمبێلە یەكلایی بکەینەوەو ئۆتۆمبێلەکە بۆ خاوەنەکەی بگەڕێنینەوە، تەنیا دوو حەلەت ماون”.